قایمقامی کۆیە: لە چەند کاژێری داهاتوودا ئاو بۆ ماڵەکان دەگەڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە دەڵێت، بەهۆی هەبوونی کێشەی کارەبای گشتییەوە ئاستی ئاوی زێی بچووک دابەزیوە و لە ئێوارەی ئەمڕۆوە دابەشکردنی ئاوی خاوێنیان لە سنوورەکە راگرتووە. قایقمامی قەزاکە دەڵێت، لە چەند کاژێری داهاتوودا ئاو بۆ ماڵەکان دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 01-12-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بە ناچاری سەرجەم پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک کە ئاو بۆ سەنتەری قەزای کۆیە و بەشێک لە گوندەکانی سنوورەکە دابین دەکەن، وەستێنران و دابەشکردنی ئاو راگیرا.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە هۆکاری وەستانی دابەشکردنی ئاو کراوە و هاتووە، بەهۆی هەبوونی کێشەی کارەباوە لە وێستگەی دووکان، ئاستی ئاوی زێی بچووک کە لە قەزای دووکانەوە بۆ کۆیە دەنێردرێت بە تەواوی دابەزیوە.
تارق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کێشەی کارەبا چارەسەر بووە و لە چەند کاژێری داهاتوودا پێدانی ئاو دەستپێدەکاتەوە".
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە داوای لە هاونیشتمانیان کرد، تاوەکو چارەسەرکردنی کێشەکە بە "هۆشیارییەوە" ئاو بەکاربهێنن.