کارەبای هەولێر و سلێمانی: نازانین هۆکاری کوژانەوەی گشتیی تۆڕی کارەبا چییە

رووداو دیجیتاڵ 
 
تۆڕی کارەبای گشتیی لە هەرێمی کوردستان کوژاوەتەوە و هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبای هەولێر و سلێمانیش دەڵێن، نازانن هۆکارەکەی چییە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 1-12-2023، کەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر بە رووداوی گوت، "14 کاژێرە کارەبای هەموو هەرێمی کوردستان بڕاوە و ئێمەش نازانین هۆکارەکەی چییە".
 
هاوکات، ئەندازیار غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵ و گەیاندنی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لە کاژێر 4ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە بە هۆکارێکی نادیار کوژانەوەی گشتیی (Black Out) لە تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان روویداوە و تائێستا هۆکارەکەی نادیارە.
 
راشیگەیاند، "هیچ شوێنێکی نێو شاری سلێمانی کارەبای نییە و لایەنی پەیوەندار لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان".
 
کاژێرێک دوای روونکردنەوەکەی کارەبای سلێمانی و هەولێر، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی دا و رایگەیاند، "بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە، کوژانەوەی گشتی لە سیستمی کارەبای هەرێم [ـی کوردستان] روویدا".
 
وەزارەتی کارەبا باس لەوەش دەکات، تیمەكانی وەزارەتی كارەبا سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکە و گەڕانەوەی كارەبای گشتین و "بەم زووانە کێشەی کوژانەوەی گشتی چارەسەر دەکرێت".
 
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە، تەواوی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی کوردستان كوژانەوە و تیمەکانی وەزارەت کێشەکەیان چارەسەر كردووە، بەڵام کاژێر 1:00ـی شەو بۆ جاری دووەم كوژانەوەی گشتی روویداوە.