بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چەکهەڵگرتنی گشتی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
لە وەڵامی هێرشی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چەکهەڵگرتنی گشتی راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە هێرشەکە پلانێکی تورکیایە بۆ "داگیرکردن و دابەشکردنی سووریا و لەنێوبردنی هیواکانی خەڵکەکەی".
هاوسەرۆکایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند: "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی دەوڵەتی تورک و گرووپە بەکرێگیراوەکانی بۆسەر خاکی سووریا دەکەین و بەرخودانی مێژوویی گەلەکەمان لە حەلەب و شەهبا بەرزدەنرخێنین".
ئەوە لە کاتێکدایە، لە رۆژی چوارشەممەوە گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە هێرشەکەیان کردووە و بەشێکی گەورەی شاری حەلەبیان کۆنترۆڵکردووە.
هێزە کوردییەکان بۆ پاراستنی گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکان لە تەل رەفعەتەوە لە باکووری حەلەبەوە بەرەو باشوور و دواتر رۆژهەڵاتی شارەکە پێشڕەوییان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، "ئەم هێرشە کە دەوڵەتی تورک سەرکردایەتی دەکات، درێژەپێدەری ئەو پلانەیە تورکیا نەیتوانی لە رێگەی داعشەوە جێبەجێی بکات، هەروەها درێژەپێدەری ئامانجی داگیرکردنی سووریا و بەدەستهێنانی سنوورەکانی عەهدی میللیە کە دەوڵەتی تورک بەردەوام هەوڵی جێبەجێکردنی داوە."
قەوارە سیاسییەکە کە بەشێکی زۆری رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەگرێتەوە، دەڵێت، "ئێمە، عەرەب، کورد، سریانی، ئاشوری و تورکمان پێویستە دەست بخەینە نێو دەست و یەکگرتوویی خۆمان بەهێزبکەین بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەم دوژمنکارییە زەقە ببینەوە."