مەکتەبی سیاسیی یەکێتی تاوتوێی کۆبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردووی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی کۆبوونەوەکانی رۆژانی رابردووی شاندی دانوستاندنکاری حیزبەکەی دەکات. رووداو زانیویەتی، تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی گفتوگۆی هیچ پۆستێکیان نەکردووە. بڕیارە سبەی (دووشەممە) یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
"لە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی باسی پۆستەکان نەکراوە"
(رۆژی هیوا جەمال) زانیویەتی، تاوەکو ئێستا یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پاکێجی پۆستەکانی ئامادە نەکردووە. ئەمڕۆ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە هەیە و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستاندنکاری بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی حیزبەکەی تاوتوێ دەکات.
سەرچاوەیەک لە کۆبوونەوەی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردسان بە (رۆژی هیوا جەمال)ـی راگەیاند، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا باسی پۆستەکانی نەکردووە؛ نە هیچ پۆستێکی پیشنیاز کردووە و نە هیچ پۆستێکی رەتکردووەتەوە. ئەوەی جەختی لێکردووەتەوە "وەرگرتنی دەسەڵاتە نەوەک پۆست."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، یەکێتی و پارتی لە چەند رۆژی رابردووی کۆبوونەوەکانیاندا هەوڵیانداوە پشتگیری 51 پەرلەمانتار مسۆگەر بکەن، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە ئەو ژمارەیە کۆبکەنەوە.
تاوەکو ئێستا؛ هەردوو حیزب کە براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانن، هیچ رێککەوتنێکیان لەبارەی کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان نەکردووە.
چوار سیناریۆی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان
بەگوێرەی زانیاریی رووداو، تاوەکو کاژێر هەشتی ئەم بەیانییە یەکێتی و پارتی لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان هیچ رێککەوتنێکیان نەکردووە. لانیکەم چوار سیناریۆ بۆ کۆبوونەوەکە هەن.
(رۆژی هیوا جەمال) زانیویەتی نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەکاندا بە یەکێتی و پارتی گوتووە بەگوێرەی پەیڕەو، کۆبوونەوەی یەکەم بەڕێوە دەبات. بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان، لەکۆبوونەوەی یەکەمدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، دوای ئەوەی ئەندامان سوێندی یاسایی دەخۆن.
سیناریۆی یەکەم؛ تەواونەکردنی رێژەی یاسایی
بەگوێرەی مادەی پێنجی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان، رێژەی یاسایی کۆبوونەوەی ئەم خولە بە ئامادەبوونی 51 ئەندام دەبێت. ئەگەر ئەو ژمارەیە ئامادەنەبوو، کۆبوونەوە ناکرێت.
بەگوێرەی بڕگەی دووەمی هەمان مادە، ئەگەر رێژەی یاسایی ئامادە نەبوو، سەرۆکی تەمەن، کردنەوەی کۆبوونەوەکە بۆ ماوەیەک دوا دەخات. ئەگەر رێژەکە هەر دەستەبەر نەبوو، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە دوادەخرێت.
سیناریۆی دووەم؛ سەرۆک بێ دەنگدان
یەکێک لە سناریۆکان نەبوونی بەربژێری پارتی و یەکێتییە بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان. سیناریۆکە ئەوەیە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان رێکبکەون لەنێو خۆیاندا بەربژێریان هەبێت، بەڵام هەر پۆستێک یەک بەربژێری هەبوو، بۆ نموونە سەرۆکی پەرلەمان، ئەوا پێوستی بە دەنگدان نییە. سەرۆکی تەمەن ناولێنانی بۆ دەکات و راستەوخۆ ئەو کەسە دەبێتە سەرۆک.
بەگوێرەی بڕگەی حەوتەم لە مادەی 14ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، ئەگەر هەریەک لە پۆستەکان تەنیا یەک بەربژێری بێ رکابەری هەبوو، سەرۆکی یەکەم دانیشتن راستەوخۆ بە ناولێنان بەربژێرەکە بۆ پۆستەکە بە سەرکەوتوو دادەنێت.
سیناریۆی سێیەم؛ شکاندنی یەک بەربژێری
سیناریۆکە ئەوەیە تاوەکو سبەی کاژێر 11:00 کە پەرلەمان کۆبوونەوەی یەکەم دەستپێدەکات، یەکێتی و پارتی رێکدەکەون و لەکاتی بوونی بەربژێری ئۆپۆزیسیۆن، بەربژێری رکابەر دادەنێن بۆ ئەوەی بەبێ دەنگدان پۆستەکە پڕنەکرێتەوە. ئەگەر دوو بەربژێر هەبوون، دەبێت بخرێنە دەنگدان. یەکێتی و پارتی دەنگ نادەن ئیدی پشتگیری 51 پەرلەمانتار کۆنابێتەوە.
سیناریۆی چوارەم؛ یەکێتی و پارتی بەربژێری جیاوازیان دەبێت
ئەوەیە لە ئەنجامی رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش، هەریەکەیان بەربژێری خۆی دەبێت و بەربژێرەکان دەخرێنە دەنگدان. هەر بەربژێرێک دەنگی پێویستی بەدەستهێنا، ئەوە پۆستەکە وەردەگرێت.
دووەم هەفتەیە پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت دەستپێکردووە. بڕیاریشە سبەی پەرلەمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوە بکات.