وەزیری کشتوکاڵ بۆ رووداو: لە زۆربەی ناوچەکان پەڵەی داوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە زۆربەی ناوچەکان پەڵەی داوە یان نزیکە لە پەڵەدان و بارانی دیکەش بەڕێوەیە. راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش ئاماژە بەوە دەکات، بارانبارینی ئەم ساڵ باش نییە.

ئەمڕۆ دووشەممە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا ئەو بڕە بارانەی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان باریوە دڵخۆشکەرە."
 
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی: "جووتیاران لە زۆر ناوچە تۆویان چاندووە و لە زۆربەی ناوچەکانیش پەڵەی داوە یان پەڵەدان نزیکە."
 
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێستا زۆربەی جووتیاران دوای کێڵان و تۆوکردن چاوەڕێی بارانی داهاتوون بۆ سەوزبوون و تەقینی تۆوەکان. لەم هەفتەیەش شەپۆلی بارانی دیکە بەڕێوەیە."
 
کشتوکاڵی عێراق: دۆخی بارانبارین باش نییە
 
هاوکات د. مەهدی قەیسی، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بارانبارینی ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا باش نییە، بەجۆرێک رووبەری چاندنی دێمی کە پێشتر بە مسۆگەر ناودەبرا، ئێستا ئەویش کەوتووەتە مەترسییەوە و لە زۆربەی ناوچەکانی عێراقیش پەڵەی نەداوە.
 
بە گوتەی د. مەهدی، کۆی رووبەری پلانی کشتوکاڵی ئەم ساڵ 5.5 ملیۆن دۆنمە، "لەو بڕە 3.5 ملیۆن دۆنم پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستێت، لەکاتێکدا ئاوی ژێرزەوی لە خراپترین دۆخدایە، ملیۆنێک دۆنمیش پشت بە ئاوی سەر زەوی دەبەستێت و بەشێکیشی دێمییە."
 
'تاوەکو کۆتایی مانگی 12 پێویستمان بە 160 بۆ 170 میلیمەتر بارانە'
 
د. شاخەوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری بەشی کەشناسیی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، دیارترین ئەو ناوچانەی تێیاندا پەڵەی داوە، دەشتی هەریر، شەقڵاوە، زاخۆ، کۆیە و قەراجە.
 
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە رووداوی گوت: "لە هەندێک ناوچەی هەولێر زیاتر لە 50 ملیمەتر باران باریوە کە ئەو ناوچانە بە (ناوچەی مسۆگەر) ناودەبرێن، لە ناوچە نیمچە مسۆگەرەکانیش نزیکەی 30 ملیمەتر باریوە و ئەو بڕەش بەسە بۆ پەڵەدان".
 
جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە رووداوی گوت: "لە سلێمانی تەنیا لە چەند ناوچەیەکدا پەڵەی داوە و لە زۆربەی ناوچەکانی دیکە هێشتا بە بڕی پێویست باران نەباریوە بۆ پەڵەدان."
 
جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی گوتیشی: "لە ناوچەکانی چوارتا، سەروچاوە و بەرزنجە سەروو 80 میلیمەتر باران باریوە و پەڵەی داوە."
 
لای خۆیەوە ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە رووداوی گوت: "بە تێكڕا 78 ملیمەتر باران لە سنوورەکەمان باریوە و پەڵەی داوە، بۆیە لە تەواوی سنوورەکەمان چاندنی گەنم دەستیپێکردووە".
 
د. دیاری عەلی، پڕۆفیسۆری بواری زانستی ئاو و زەوی بە رووداوی گوت: "لە هەندێک ناوچە پەڵەی داوە و هێشتا کاتی ئەوەش ماوە باس لە بارانبارینی ئەم ساڵ بکەین کە ئایا کەمە یان نا، بەڵام وەک ئاماری ستاندارد وەربگرین تاوەکو کۆتایی مانگی 12 پێویستیمان بەوەیە 160 بۆ 170 میلیمەتر باران ببارێت."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەمڕۆ تێکڕای بڕی بارانبارین لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە:
 
- هەولێر: 17.1 میلیمەتر
- سلێمانی: 58.8 میلیمەتر
- دهۆک: 67 میلیمەتر
- هەڵەبجە: 59.3 میلیمەتر
- رانیە: 47.9 میلیمەتر
- زاخۆ: 73.6 میلیمەتر
- سۆران: 47.8 میلیمەتر
 
چ کاتێک پەڵە دەدات؟
 
بە شێوە زانستییەکەی پەڵە بەو شێوازە دیاریکراوە 'خاکەکە بەهۆی بارانبارینەوە بە قووڵایی 20 بۆ 30 سانتیمەتر تەڕ ببێت.'
 
جووتیارانیش پەڵەدانیان بەو شێوەیە دیاریکردووە کە "ئەوەندە باران باری بێت لەکاتی کێڵانی زەویدا بە قووڵایی ئەو شوێنەی دەمی گاسنی پێدەگات و هەڵدەگێڕدرێتەوە، خاکەکە تەڕ بووبێت."
 
مەرج نییە بارانی بەلێزمەی لەناکاو ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە دەکرێت نەچێتە نێو خاک و تەنیا لەسەر زەوی بمێنێتەوە یان بڕوات. بەگشتیش دەکرێت بارینی بەخوڕی هێواش لەنێوان 12 بۆ 20 کاژێر ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە ئەو کاتە خاک زۆرینەی ئاوی بارانەکە هەڵدەمژێت.