روونکردنەوەی بەشێکی دانیشتووانی لاجان؛ 'دۆخەکە ئارام بووەتەوە و خەڵک بچنەوە ماڵەکان'

رووداو دیجیتاڵ

لەبارەی ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجانەوە کە دوو رۆژە بەردەوامە، چەند کەسێک لە خەڵکی گوندەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، "دۆخەکە ئارام بووەتەوە و داواکارین بەم سەرمایە خەڵک بچنەوە ماڵی خۆیان."
 
نەجات ئەکرەم، وەکو یەکێک لە نوێنەرانی دانیشتووانی گوندی لاجان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: "لاجان بێدەنگ و ئارام بوو، هیچ لە ئارادا نەبوو، بەڵام خەڵكێک ویستیان وەکو هەلێک بیقۆزنەوە، لەبەرئەوە ئاسایش هاتەسەری و پشکنی."
 
نەجات ئەکرەم گوتی: "زۆر زۆر شتی ناڕێکیان گوت و ویستان خەڵک هان بدەن، بەڵام ئێمە هەر پارتین و کوڕی پارتین."
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "سوپاسی جەنابی فەرماندە کاک مەنسور [بارزانی] دەکەین، کە لەگەڵ هەیسەم ئاغا لەسەر هێڵ بوو، نوێنەری خۆی ناردە لامان، ئێستاش هیچ نەبووە و با خەڵک نەیەت ئەو هەلە بقۆزێتەوە، ئاسایش لێرە بەرقەرارە."
 
بە گوتەی نەجات ئەکرەم، "هێز نەهاتووەتە لاجان، لە دەروروبەری گوندەکە بوون بۆ پاراستنی ئێمە هاتبوون، ئێمە پێمان خۆشبوو، نەوەکو خەڵکانێک خۆیان بخزێننە گوندەکە و بەناوی خەڵکی لاجانەوە شتێک بکەن، خەڵکیان ترساند، دەنا هیچ نەبووە و ئێمە لەنێو گوند بووین."
 
مەقسود تۆفیق، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و وەکو خەڵکی لاجان لە کۆنگرەکەدا گوتی: "هەرچی روودەدا دەستی دەرەکییە، دەستێکی دەرەکیی هەیە لە دەرەوەی چوارچێوەی حیزبی پارتییە و دەیەوێ ئەو ئاسایشەی لە هەرێمی کوردستان و لەنێو پارتیدا هەیە بیشێوێنێت، دەزانین دەستەکان کێن، نێوخۆیین و لەنێو هەرکیدان، بەڵام لە دەرەوەی پارتین و دەیانەوێ عەشیرەتی هەرکی ناشیرن بکەن، کە یەکەم عەشیرەت بووە زۆرترین شەهیدی دژی داعش داوە."
 
مەقسود تۆفیق گوتی: "ئەو حیزبانەی لە دەرەوەی پارتین دەیانەوێ خۆیان سوودمەند بکەن و گەنجانی هەرکی بە کوشت بدەن، هەموو ریشسپییانی گوند لێرەن، بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین ئەو دەستی دەرەکییە بمێنێت."
 
ئەو هاونیشتمانییە داوایەکی لە خەڵکی لاجان کرد و گوتی: "خەڵکی گوند بچنەوە گوندی خۆیان، بە هیچ شێوەیەک گەڕان و پشکنین و چەکداماڵین نییە؛ هیچ لە ئاراد نییە، ئەو هێزەی هەن بۆ پاراستنی پاڵاوگەی لانازە نەوەکو دەستێکی خراپکار ناوی گوندەکەش خراپ بکات؛ داوا دەکەین ژن و منداڵان بەو سەرمایە لە دەرەوە نەبن و بچنەوە ماڵەکانیان، ئەوانەشی دەستگیر کراون لە ماوەیەکی نزیکدا دوای رێکارە یاساییەکان ئازاد دەکرێن."
 
زوهێر داود، ریش سپییەکی خەڵکی لاجان بوو لە کۆنگرەکەدا گوتی: "داوا لە خەڵکی لاجان دەکەم بچنەوە ماڵەکانیان، هیچ کێشەمان لەگەڵ حکومەت نییە و حکومەتی خۆمانە، ئەوەی دوو سێ رۆژە هەیە تێنەگەیشتنێک بووە و ئێمە کوڕی حکومەتین، ئەو هێزەی لەوێن بۆ پاراستنی خەڵکە، ئەو پێشمەرگانەش کوڕی ئێمەن، بە مردن نەبێ ئێمە لە پارتی جیا نابینەوە."
 
ئەو ریش سپییە دەڵێت :"قبووڵی ناکەین هیچ کەسێک بە نێوی ئێمەوە قسە بکات، ئەوەی بووە تێنەگیشتنێک بووە لەنێوان ئێمە و پاڵاوگەیەک، نەوەکو حکومەت، هەر ئەو حکومەتە ئێمەی رزگار کردووە."