چاکسازییەکان: زیاتر لە 600 کەس لە چاکسازییەکاندا دەخوێنن و 220ـیان خوێندکاری خوێندنی باڵان
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ زیاتر لە 600 سزادراوی نێو چاکسازییەکان دەخوێنن، کە 220 کەسیان خوێندکاری خوێندنی باڵان لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکاندا.
دووشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2025، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئاسانکارییەک بۆ سزادراوان دەکرێت تاوەکو بتوانن درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن؛ ئەم ساڵ 638 سزادراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن."
بە گوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەپێی پێویستی وانەکانیان دەخوێنن، لاپتۆپیان بۆ ئامادەکراوە و لە کاتی دەرس خوێندندا لە ژوورەوە چاودێرییان دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەم ساڵ 220 خوێندکاری خوێندنی باڵامان لە چاکسازییەکان هەیە، هەم لە زانکۆ حکومییەکان و هەم لە زانکۆ تایبەتەکان، ئەوانی دیکەش قوتابیی پەروەردەن لە قۆناخی بنەڕەتییەوە تاوەکو ئامادەیی."
لەسەر شێوازی خوێندنەکەیان، ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، "رۆژانە دوو کاژێر دەخوێنن، بەشێک لە مامۆستاکان لە رێگەی ئۆنلاین وانەکانیان پێ دەڵێنەوە و بەشێکیشیان سەردانی چاکسازییەکان دەکەن."
لە هەرێمی کوردستان 6 چاکسازی هەن؛ 2 لە هەولێر، 2 لە سلێمانی و 2ـیان لە دهۆکن. بەپێی ئاماری چاکسازییەکان، ساڵانە 90 بۆ 100 خوێندکار دەردەچن.