وەزارەتی نەوت هەل بۆ کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمریکا دەڕەخسێنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق، بانگهێشتی ژمارەیەک کۆمپانیای گەورەی نەوتیی ئەمریکیی دەکات بۆ ئەوەی بچنە کێبڕکێوە بۆ وەرگرتنی ئەرکی بەڕێوەبردنی کێڵگەی نەوتیی رۆژئاوای قورنە-2 لە پارێزگای بەسرە و دەڵێت: "ئەم هەنگاوە پەیوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پتەوتر دەکات."
ئەمڕۆ دووشەممە 1ی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، جەختی لەوەکردەوە، رێوشوێنی یاسایی گیراوەتە بەر بۆ بانگهێشتی راستەوخۆ بۆ کۆمپانیاکانی ئەمریکا، تاوەکو دانوستاندنیان لەگەڵدا بکرێت و ئۆفەرەکانیان پێشکێش بکەن. ئامانج لەم هەنگاوە، گواستنەوەی بەڕێوەبردنی کێڵگەی رۆژئاوای قورنە-2ـە بۆ یەکێک لەو کۆمپانیایانە، بەپێی پێوەرە پەسندکراوەکان و لە رێگەی کێبڕکێیەکی شەفافەوە.
وەزارەتی نەوت هۆکاری بڕیارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە "بەردەوامی بە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بدرێت و سەقامگیریی هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان بپارێزرێت."
وەزارەتی نەوت جەخت لەوە دەکاتەوە، "گواستنەوەی بەڕێوەبردنی ئەم کێڵگەیە بۆ یەکێک لە کۆمپانیاکانی ئەمریکا، خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەکات، سەقامگیریی بازاڕە جیهانییەکان بەهێز دەکات و بەردەوامیی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و پشکی عێراق لە بازاڕ و داهاتی دەوڵەت مسۆگەر دەکات."
وەزارەتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەم هەنگاوە پەیوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پتەوتر دەکات و دەبێتە هۆی گواستنەوەی تەکنەلۆژیای مۆدێرن.
هەروەها دووپاتی دەکاتەوە بەشداریکردنی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا لە پەرەپێدانی کەرتی نەوتی عێراقدا، گرنگیی ستراتیژیی عێراق دەسەلمێنێت و دەبێتە هۆی هەمەچەشنکردنی ئەزموون و شارەزاییە نێودەوڵەتییەکان لەم کەرتەدا.