لە دهۆک کتێبی 'پەیامی گوڵان'ـی پێشمەرگەی کوردستانی فوئاد میرانی لە رێوڕەسمێکدا ناسێندرا

رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمێکدا لە شاری دهۆک، کتێبی بیرەوەرییەکانی پێشمەرگەی کوردستان "فوئاد میرانی" ناسێندرا و بڵاوکرایەوە. لە رێوڕەسمەکەدا فازڵ میرانی، زەعیم عەلی و نووسەری کتێبەکە و بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو قسەیان کرد. ئامادەکاری رێوڕەسمەکە گوتی: "هاوکارییەکانی بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو نەبوایە خەباتی هەموو قارەمانەکان نەدەنووسرانەوە."
 
کاژێر 04:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، سەنتەری کۆماتە لە شاری دهۆک بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبی "پەیاما گولانێ"ی خەباتکاری دێرین فوئاد میرانی رێوڕەسمێکی سازکرد و تێیدا چەند گوتارێک پێشکێش کران، لەنێویاندا فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
لە سەرەتادا رزگار کێستەیی، بەرپرسی سەنتەری کۆماتە گوتارێکی پێشکێش کرد و دوای بەخێرهاتنی میوانان گوتی: "ئەم ئامادەبوونە رێزگرتنە بۆ خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەیەک کە نزیکی 60 ساڵ بەردەوام بووە لە کاروانی خەبات، بەبێ لادان و راوەستان".
 
کێستەیی گوتی: "سەنتەری کۆماتە خەونێک بوو، بەڵام بووە راستی، ئەو راستییەش ئەگەر جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی نەبوایە، ئەگەر هاوکاریی کاک ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو نەبوایە خەونەکە بەدیندەهات."
 
سەرپەرشتیاری سەنتەری کۆماتە گوتی: "لە چوار ساڵدا بە ستافێکی کەمەوە توانیومانە قەترەیەک لە دەریای مێژووی شۆڕشی گەلی کورد دۆکیۆمێنت بکەین، توانیمان تاوەکو ئێستا مێژوو، خەبات و قوربانیدانی 355 پێشمەرگەی دێرین، زیندانی سیاسیی، خەڵکی خەباتکار و ژنی بەخشندە ئەرشیڤ بکەین".
 
رزگار کێستەیی ئاماژەی بەوەشکرد: "تاوەکو ئێستا پێنج کتێمان چاپکردووە، کە دوایینیان "پەیامی گوڵان"ـی کاک فوئاد میرانییە، کە من دەڵێم ئینسکلۆپیدیای شۆڕشی گوڵانە. هەروەها 12 فیلمی دۆکیۆمێنتاریمان بە هاوکاری تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر شۆڕش و هەندێک لە شەهیدان بەرهەمهێناوە".
 
لە رێوڕەسمەکەدا فازڵ میرانی لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی، لەگەڵ نووسەری کتێبەکە (فوئاد میرانی) هاوڕێی منداڵین. باسی لەوەشکرد، نووسەر لە خەباتی نهێنی و نیمچە ئاشکرادا دوای 11ـی ئازار و  دوای هەڵگیرسانی شۆڕش لە 1974 رۆڵ و کاریگەریی هەبووە؛ "هەمیشە جێگەی تایبەتی لای سەرۆک بارزانی هەبووە".
 
فازڵ میرانی گوتی: "خۆزگە بارزانی نەمر و ئیدریسی هەمیشە لەیاد ئێستا بمانایەن و ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبینین ئەوانیش بیانبینیبا، تەواویان نەکرد، ئێمەش ئێستا لە نیوەی رێگەداین، هیوامان ئەوە خوای گەورە گەلەکەمان بپارێزێت و هێزی زیاتری پێبدات؛ حیزبەکەمان بەهێزتر و فراوانتر بکات، سەرۆکمان تەمەندرێژ بکات بۆ ئەوەی ئێمە ئەو بابەتە بە نیوەچڵی نەهێڵێنەوە".
 
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی پارتی گوتی: "رێگەمان دوورە، هەندێک نیوەیان بڕی و خۆیان بەخت کرد، نیوەکەی دیکەی ئێمە وەرمانگرت و بەردەوامین، بەهیواین ئێمەش بە تەواوی رادەستی خەڵکی دیکەی بکەین و ئەوانیش بیپارێزن".
 
 
زەعیم عەلی، وەکو هاوڕێ و هاوسەنگەری "فوئاد میرانی" گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی لە ژیانی پێشمەرگایەتیی فوئاد میرانی کرد و گوتی، "48 ساڵ لەمەوبەر لە دۆخێکی زۆر سەختدا پێکەوە خەباتمان دەکرد، ئەوکات کەم کەس دەیتوانی بیکات".
 
زەعیم عەلی گوتی: "کتێبەکە پڕ بەهایە، چونکە لەو رۆژانەدا کەسانێکی کەم هەبوون بتوانن بنووسن، لەو سەردەمەدا بە هەموو پێشمەرگەکانەوە نەدەبووینە 200 کەس".
 
 
پێشکێشکاری رێوڕەسمەکە پێش بانگکردن بۆ گوتارێک گوتی، "سەنتەری کۆماتە؛ پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانییانی سیاسیی و ئەوانەی لێرە ئامادەن قەرزداری کەسێکن، کە لێرە ئامادەیە، ئەو کەسە نەبوایە سەنتەری کۆماتە نەدەبوو، سەنتەری کۆماتە نەبوایە مێژووی خەباتی هەموو قارەمانەکان نەدەنووسرا و تۆمار نەدەکرا، بۆیە بە سوپاسەوە داوا لە ‌هێژا کاک ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەکەین گوتارێک پێشکێش بکات".
 
لە گوتارەکەیدا بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دوای بەخێرهاتنی میوانان باسی لە خەباتی پێشمەرگەی لە شۆڕشەکان بەگشتی و بەتایبەت لە کۆماتە کرد و گوتی: "لە کۆماتە ئەو راستییە چەسپا، کە تاوەکو پێشمەرگە هەبێت، کوردستانیش دەمێنێت".
 
ئاکۆ محەممەد گوتی: "شۆڕش بە بیروباوەڕ دروست دەبێت، نەوەکو چەکی گەورە و قورس".
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە سەنتەری کۆماتە کرد و گوتی: "کۆماتە ئەمڕۆش رێکخراوێکی بچووکە، بەڵام خاوەن کار و دەنگدانەوەیەکی گەورەیە. سەنتەری کۆماتە بە بەڵگەکردنی مێژووی شۆڕش؛ خەباتی پاراستی مێژووی کوردستان دەکات، لە سەنتەرەکەدا هەر رۆژە و دەنگی پێشمەرگەیەک بڵند دەبێت و دەنگی داستانێک دێت، پەرتووک و نووسەرێک دێت و دەڵێ نەمری کورستان بە خوێن و خەباتی پێشمەرگە بەدیهاتەوە".

 

 
ئاکۆ محەممەد گوتی، "لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەک پێشمەرگە چوونە بەر میهرەبایی خودا، بەڵام خەباتی ئەوان بە تۆمارکراوی ماوە لە سەنتەری کۆماتە؛ ئەوان بە جەستە نەمان، بەڵام بە خەبات ئێستاش زیندوون، چونکە سەنتەری کۆماتە هەیە".
 
ئاکۆ محەممەد باسی دامەزراندنی سەنتەری کۆماتە کرد لە چوار ساڵ لەمەوبەردا و گوتی: "سەنتەرەکە هەزاران لاپەڕەی مێژووی تۆمار کردووە، سەتان ڤیدیۆی لەسەر شۆڕش و کوردستان تۆمار کردووە. مێژوو و زمان گرنگن، بەڵام بۆ بێ وڵاتی و گەلێکی بێ دەوڵەت گرنگییەکەی زیاترە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی رووداو لە بەردەوامیی قسەکانیدا گوتی: "دروستبوونی کۆماتە و کارەکانی هەمووی کاری پێشمەرگەن، لە هزری پێشمەرگەیەکی چەلەنگ و رۆشنبیر دروستبووە کە ئەویش رزگار کێستەییە، ئەوانەشی هاوکاری کاک رزگارن ئەوانیش کوڕی پێشمەرگەن، پشتیوانی سەنتەری کۆماتە ئەویش پێشمەرگەیە و کاک نێچیرڤان بارزانییە؛ سوپاس بۆ کاک نێچیرڤان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەنتەری کۆماتە، کە رێگەیەکی ئاسانیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، لێکۆڵەر و فیلمسازانی دیکە کردووەتەوە بۆ بینینی زۆر میرخاس و مێژووی شۆڕشی کوردستان".
 
لە رێوڕەسمێکدا فیلمێکی دیۆکیۆمێنتاری کە بۆ هەڵسەنگاندنی کار و چالاکییەکانی سەنتەری کۆماتە ئامادەکرابوو، بۆ ئامادەبووان نمایشکرا.
 
لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا، فوئاد میرانی، پێشمەرگەی دێرین و نووسەری کتێبەکە "پەیاما گولانێ" گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
فوئاد میرانی گوتی: "لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991ـەوە بیرم لەوەکردەوە، کە بیرەوەرییەکانی ساڵانی خەباتم بنووسمەوە، ئەو کاتە بەشێوەیەکی سەرەتایی رەشنووسێکم نووسی، بۆ ئەوەی هەرکات دەرفەت هەبێ بیاننووسمەوە و لەیادم نەچن".