پارێزگاری هەولێر: کێشەی گوندی لاجان بەرەو چارەسەر دەچێت و خەڵک دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان
رووداو دیجیتاڵ
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی گرژییەکانی گوندی لاجان دەڵێت، کێشەکە بەرەو چارەسەر دەچێت و خەڵک دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، "ئەوانەی ئاژاوەگێڕییان کردووە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دا دەکرێت نەک خەڵکی گوندەکە".
لەبارەی خەڵکی لاجانەوە، پارێزگاری هەولێر گوتی، "ئەوان چەک ناکرێن، چونکە پێشمەرگەن و چەکی حکومەتیان لایە".
ئێوارەی ئەمڕۆ چەند کەسێک لە خەڵکی گوندەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، "دۆخەکە ئارام بووەتەوە و داواکارین بەم سەرمایە خەڵک بچنەوە ماڵی خۆیان."
دانیشتووانی گوندەکە دروستبوونی گرژییەکانیان بە دەستێکی دەرەکی ناوبرد.
مەقسود تۆفیق، دانیشتوویەکی گوندەکە لە کۆنگرەکەدا گوتی: "هەرچی روودەدا دەستی دەرەکییە، دەستێکی دەرەکیی هەیە لە دەرەوەی چوارچێوەی حیزبی پارتییە و دەیەوێ ئەو ئاسایشەی لە هەرێمی کوردستان و لەنێو پارتیدا هەیە بیشێوێنێت، دەزانین دەستەکان کێن، نێوخۆیین و لەنێو هەرکیدان، بەڵام لە دەرەوەی پارتین و دەیانەوێ عەشیرەتی هەرکی ناشیرن بکەن، کە یەکەم عەشیرەت بووە زۆرترین شەهیدی دژی داعش داوە."