ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەکی "بەپەلە" لەبارەی پلانی کشتوکاڵی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەکی "بەپەلە" لەبارەی پلانی کشتوکاڵی پارێزگاکە دەکات و نووسراو بۆ بەغدا دەنێرێ تاوەکو رووبەری زەویی چێندراو بکرێتە دوو هێندەی ئەوەی بڕیاری لێدراوە.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە، یەکی کانوونى یەکەمى 2025، دەکرێ. بەگوێرەی نووسراوێکی محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی کردووە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی پلانی کشتوکاڵی دەبێ.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی زیادکردنی رووبەری زەویی چێندراو لەنێو پلانی کشتوکاڵی دەکەین بۆ ساڵی داهاتوو و باس لەوە دەکەین بکرێتە یەک ملیۆن دۆنم."
بەگوێرەی ئەو پلانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ساڵی 2025-2026 پەسندی کردووە، رووبەری ئەو زەوییەی رێگەپێدراوە لە کەرکووک بە گەنم بچێندرێ 420 هەزار دۆنمە.
عەبدوڵڵا میروەیس رایگەیاند، نووسراو ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق دەکەن بۆ زیادکردنی ئەو رووبەری زەوییە کە بەشێکی لە سنووری قەرەهەنجیر و شوانە و دانیشتووانەکەی کوردن.
نرخی پاڵپشتیکراوی گەنمی بەرهەمهێندراوی نێو پلانی کشتوکاڵی بۆ ساڵی 2024 لەنێوان 800 بۆ 850 هەزار دینار بوو بۆ هەر تۆنێک.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، پلانى کشتوکاڵى ئەو زەوییانە ناگرێتەوە کە دێمن و بارانبارین تێیدا نیمچە مسۆگەرە، لەگەڵ ئەو زەویانەى کە بیریان تێدایە، بەڵام مۆڵەتپێدراونین و ئەوەش بەشێکى زۆری زەوى جووتیارانى کورد دەگرێتەوە.