تەندروستیی مامۆستایەکی ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە گرتووخانە تێکدەچێ


رووداو دیجیتاڵ 

تەندروستیی مامۆستاییەکی ئایینیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە گرتووخانە تێکدەچێ و بۆ نەخۆشخانەی سنە دەگوازرێتەوە.

دوای پشكنینی پزیشکی، دەركەوت تەندروستیی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد باش نییە و بەپەلە پێویستی بە چارەسەری پزیشكییە و هەربۆیە بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە گوێزرایەوە.
 
مامۆستا محەممەد خزنەژاد تووشی نەخۆشی گەدە، فەقەرات و دڵ بووە.
 
پێشتر ئەندامانی خێزانەکەی هۆشدارییان لە دۆخی تەندروستیی مامۆستا محەممەد دابوو.
 
مامۆستا محەممەد خزرنەژاد لە 19-11-2022 دوای بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی قوربانییەکی خۆپێشاندانەکانی شاری بۆکان دژی شێوازی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقز دەستبەسەرکرا و ساڵی 2023 لە دادگەی شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی، سەربەخۆیی ئێران و بانگەشەکردن دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، بە لەسێدارەدان و 16 ساڵ بەندکران سزادرا، سزاکەشی لە دیوانی باڵای دادوەریی ئێران پەسند کرا.
 
دەسەڵاتی دادی ئێران لە مانگی 11ی 2024دا رایگەیاند، لەسەر داوای مامۆستایانی ئایینیی سوننە، سزای لەسێدارەدانی بۆ بەندکرانی تاهەتایی گۆڕاوە.