لە عێراق بۆ یادی کوژرانی قاسم سولەیمانی رۆژێک کرایە پشوو

رووداو دیجیتاڵ
 
بە بۆنەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، لە عێراق سبەی چوارشەممە کرایە پشووی فەرمی. 
 
جگە لە هەرێمی کوردستان هەر  15 پارێزگاکانی عێراق بە کەرکووکیشەوە بە بۆنەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس،  بڕیاریاندا سبەی چوارشەممە لە فەرمانگەکانی ئەو پارێزگایانە پێشووی فەرمی بێت.
 
پارێزگاکان بریتین لە کەرکووک، بەغدا، موسەننا، واست، دیوانییە، بەسرە، بابل، کەربەلا، زیقار، نەینەوا، دیالە،نەجەف، سەلاحەددین، ئەنبار و مەیسان.
 
 بەرەبەیانی 3ی کانوونی دووەمی2020، لە بۆردوومانی درۆنێکی ئەمریکی، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران.
 
بۆردوومانەکە کاردانەوەی ئێران و بەشێکی زۆر لە هێزە شیعەکانی عێراقی بەدوادا هات. 
 
رۆژی 5-1-2020، پەرلەمانی عێراق بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بەشێک لە سوننەکان کۆبووەوە و بڕیاریدا هێزە بیانییەکان خاکی عێراق جێبهێڵن.
 
لە 7ی کانوونی دووەمی 2021، دادگەی لێکۆڵینەوەی رەسافە لە بەغدا و بە تۆمەتی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەرکرد.