لە 103 گوندی سنە تۆڕی ئینتەرنێت و پەیوەندی نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گەیاندن و تەکنۆلۆژیای زانیاریی پارێزگای سنە دەڵێت، بەهۆی کڕێوە و بایەکی تووند، تۆڕی پەیوەندی و ئینتەرنێتی 189 گوند نەما، پاش هەوڵەکانیان کێشەی 86 گوند چارەسەر بوو، هێشتا 103 گوند ماون.
ئارام حەیدەری، بە میدیای فەرمیی ئێرانی گوتووە، پچڕانی ئینتەرنێتی 16 گوند بەهۆی پچڕانی کێبڵی گەیاندنی ئینتەرنێت بووە، 173 گوندیش بەهۆی بڕانی کارەباوە بووە.
بە گوتەی حەیدەری، پاش چاککردنەوە و گەڕانەوەی کارەبا، ئینتەرنێتی 69 گوند گەڕایەوە، لە رێگەی موەلیدەوە توانیویانە کارەبای پێویست بۆ گەڕانەوەی ئینتەرنێتی 8 گوند دابین بکەن و کێشەکە چارەسەر بووە و تۆڕی پەیوەندی 9 گوندیشیان لە رێگەی چاککردنەوە ستوونەکانی کارەبا و کێبڵی ئینتەرنێتەوە، گەڕاندووەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی گەیاندن و تەکنۆلۆژیای زانیاریی پارێزگای سنە دەڵێت، لە 26-12-2025ـەوە، 35 تیمیان کە پێکهاتوون لە 70 کەسی شارەزا، لە هەوڵدان بۆ چاککردنەوەی ئینتەرنێتی هەموو گوندەکانی پارێزگا.
ئارش لهۆنی، پارێزگاری سنە رۆژی پێنجشەممە گوتی، کڕێوە بووە هۆی داخستنی رێگەی 400 گوندی پارێزگاکە، لە ئەنجامی هەوڵەکان رێگەی 254 گوند کراونەتەوە و هێشتاش رێگەی 146 گوند داخراوە.
بەپێی کەشناسیی ئێران، ئەو شەپۆلەی کە دوای نیوەڕۆی پێنجشەممە، رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، تاوەکو رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت و ئەگەری داخستنی رێگەی نێوان شار و گوندەکانیش هەیە.