لە گوندێکی دەربەندیخان زیاتر لە 20 گولـلەهاوەن دۆزرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی کۆکۆیی سەر بە قەزای دەربەندیخان، کۆگایەکی کۆنی گولـلەهاوەن و مین دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێران دەگەڕێتەوە، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی مینیان ئاگادار کردووەتەوە بۆ لادانیان.
لە کاتی کارکردن لە خانوویەکدا لە گوندی کۆکۆیی، زیاتر لە 20 گولـلەهاوەنی 120 ملیمەتری دۆزراونەتەوە و هێشتا چەندین گوللەهاوەن و پارچەی دیکەی تەقەمەنی لە ژێر زەویدا ماون.
خەلیل عوسمان، ئەو هاونیشتمانییەی کە گولـلەهاوەنەکانی دەرهێناوە، بە رووداوی گوت: "خزمێکمان خەریکی دروستکردنی خانوویەک بوو، پێی گوتم کە گولـلە تۆپێک لێرەیە. کاتێک سەیرمان کرد و ویستمان دووری بخەینەوە بۆ ئەوەی زیانی نەبێت، بینیمان چەند دانەیەکە و ژمارەیان لە 20 دانە زیاتر بوو، بۆیە دەستبەجێ ئاسایشمان ئاگادار کردەوە."
پێشتریش لەو گوندە چەندین پارچە گولـلەهاوەن و مینی دیکە دۆزراونەتەوە. سەلام ئەحمەد، دانیشتووی گوندەکە بە رووداوی گوت: "لە کاتی شەڕی 8 ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، لێرە شەڕێکی گەورە روویداوە و کوشتارێکی زۆر بووە؛ ئەم ناوچەیە مۆڵگەی سوپای بەعس بووە و هێزێکی زۆری لێ جێگیر کرابوو."
دوای دۆزینەوەی تەقەمەنییەکان، قایمقامی دەربەندیخان بەڕێوەبەرایەتیی مینی ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی تیمەکانیان بنێرن و ناوچەکە پاک بکەنەوە.
سلێمان محەممەد، قائیمقامی دەربەندیخان بە رووداوی راگەیاند: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، ئەو ناوچەیە بەردەوام مینی لێیە. کاری زۆری تێدا کراوە بۆ پاککردنەوەی، بەڵام هەندێک شوێنی سەختە و هێشتا نەتوانراوە تەواوی ناوچەکە لە مین و تەقەمەنی پاک بکرێتەوە."
گوندی کۆکۆیی دەکەوێتە سەر سنووری عێراق و ئێران و لە سەردەمی شەڕی دوو وڵاتەکە وەک مەیدانی جەنگ لەلایەن سوپای هەردوو لایەنەوە بەکارهێنراوە.