بەرگریی شارستانی: رێگەی سۆران بۆ هەولێر کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەپۆلی بەفربارینەوە کە لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە بەشێکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، رێگەکانی نێوان ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شاری هەولێر داخرابوون، بەرگریی شارستانی دەڵێ: "زۆرینەی رێگەکان کراونەتەوە".
موقەدەم کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەگریی شارستانیی سۆران، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێگەی حاجی ئۆمەران بۆ سۆران و لە سۆرانیشەوە بۆ هەولێر لە بەفر راماڵدراوە و ئێستا کراوەیەوە و ئۆتۆمبێل دەتوانێت هاتووچۆ بکات."
ئەو رێگەیەی کراوەتەوە یەکێکە لە رێگە ستراتیژییەکانی پارێزگای هەولێر، بەتایبەت بەهۆی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە، کە یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
میراودەلی گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ بەشێکی رێگەکانی سنوورەکەمان لەوانە زینی وەرتێ، دۆڵی ئالانە، مێرگەسۆر و رێگەی خەلیفان بۆ رانیە ئاستەنگیی هاتووچۆیان هەرماوە و تیمەکان سەرقاڵی کردنەوەی رێگەکانن".
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران گوتی، وێڕای هۆشداری بۆ نەچوونە ناوچە شاخاوییە سەختەکان، گەشتیاران پابەندی رێنماییەکان نابن و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییە و ئەرکی تیمەکانی ئەوانیش قورس دەکەن.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران گوتی: "دوێنێ زیاتر لە 150 خێوەتی گەشتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق لە سنووری باڵەکایەتی هەڵدراون و تێیدا ماونەتەوە، لەکاتێکدا شیاونین بۆ مانەوە".