کەشناسی: ئەمشەو شەپۆلی بەفر و باران کۆتایی دێت

رووداو دیجیتاڵ

دوای هەفتەیەک بارینی بەفر و باران، کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات، ئەمشەو شەپۆلەکە کۆتایی بێت. کەشناسێک دەڵێ، پێشبینی دەکرێ تاوەکو 09ـی ئەم مانگە کەش سەقامگیر بێت.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ هەینی بارانی مامناوەند لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و سۆران بەردەوام دەبێت، لە ناوچەکانی دیکە نمەباران و بارانی مامناوەند بە شێوەی پچڕپچڕ دەبارێت".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە ناوچە سنوورییەکان بەفربارین بەردەوام دەبێت. راشیگەیاندووە: "لە کاتەکانی شەودا کەش ئاسایی دەبێتەوە و کۆتایی بە شەپۆلی بەفر و باران دێت".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە، کەشناسیی رایگەیاندووە: "لە بەیانی زوودا لە هەندێک ناوچە ئەگەری دروست بوونی تەم هەیە. بەگشتی ئاسمان پەڵەهەور دەىێت".
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێت ئەو شەپۆلە نیوەشەوی ئەمڕۆ تەواو دەبێ و کەشوهەوا تاوەکو 9ـی ئەم مانگە سەقامگیر دەبێ، بەڵام سەرمای سەخت تاوەکو دووشەممە بەردەوام دەبێ و لە سێشەممەوە پلەی گەرما بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت".
 
بەگوێرەی کەشناسی، سبەی پلەکانی گەرما بەمشێوەیە دەبن:
 
هەولێر؛ 9 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 8 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 9  پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 8  پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 10 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە؛ 8 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 12 پلەی سیلیزی