فراکسیۆنی پارتی: کۆمەڵێک مافیا رەفتار دەستیان بەسەر غازی هاونیشتمانیاندا گرتووە

رووداو-هەولێر

فراکسیۆنی پارتی دروستبوونی قەیرانی غاز لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کردەوەی "کۆمەڵێک مافیارەفتار" ناودەبەن کە "دەستیان بەسەر غازدا" گرتووە و داوادەکەن "بەهۆی حەز و چاوچنۆکی کەسانێک بۆ دەستخستنی پارەی نایاسایی، هاووڵاتییان باجەکەی نەدەن".
 
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دروستبوونی قەیرانی غاز لە هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێک بڵاودەکەنەوە و رایدەگەیێنن: "بەنیگەرانییەکی قووڵەوە کۆمەڵێک دەستڕۆیشتوو لە سلێمانی لەپێناو بەرژەوەندی کەسی خۆیان هەستاون بە تەگەرە دروستکردن لە ناردنی غازی شل بۆ هەولێر و دهۆک بە ئامانجی دروستکردنی کێشە و گرفت بۆ هاوڵاتییان".
 
لە راگەیێندراوەکەدا فراکسیۆنی پارتی رووداوەکە بەهۆی پرۆسەی چاکسازییەوە ناودەبەن و رایدەگەیێنن "دوای راگەیاندنی پرۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان و پرسی شەفافبوون لە سەرجەم سێکتەرەکاندا پرسی غازیش کەوتووەتە ئەو چوارچێوەیە و پێشتر بەبێ رەچاوکردنی مەرجە یاساییەکان دراوەتە کۆمپانیایەک کە بێ تەندەر و بە هەڕەمەکی بووە، بەڵام ئێستا لە ڕێگەی تەندەرەوە دراوەتە کۆمپانیایەکی دیکە بەشێوەیەکی یاسایی و ئامانجی ئەمەش نەهێشتنی قۆرخکاری و واستەکاری بووە، بەڵام کۆمەڵێک مافیارەفتار ئەمەیان پێ قبوڵنەکرا".
 
فراکسیۆنی پارتی باس لەوە دەکات کە هێرشکراوەتە سەر خاوەنی کۆمپانیای غاز لە چەمچەماڵ و رایدەگەیێنێت: "دوێنێ لەکاتی گواستنەوەی غازەکە بۆ هەولێر و دهۆک ژمارەیەک چەکداری ناسراو هەڵیانکوتاوەتەسەر تەنکەرەکان و چوونەتە سەر ئەو کۆمپانیایەی کە ئەرکی گواستنەوەی غازەکەیان لە ئەستۆبووە و تووندوتیژییان بەرانبەر خاوەنی کۆمپانیا ئەنجامداوە، ئێستا کەوتووەتە نەخۆشخانە و داوای بەش و پشکیان لێی کردووە".
 
فراکسیۆنی پارتی نیگەرانیی خۆی لەو رووداوە رادەگەیێنێت و بەتووندی ئیدانەی دەکات. هەروەها رایدەگەیێنێت: "پاڵپشتیی هەموو رێکارێکی یاسایی دەکەین لەم پرسەدا و داواکارین بەهۆی حەز و چاوچنۆکیی کەسانێک بۆ دەستخستنی پارەی نایاسایی، هاووڵاتییان باجەکەی نەدەن و غازی هاوڵاتییان بە ڕۆژی روون دەستی بەسەردا نەگیرێت".