عەلی حەمە ساڵح: بەشێکی ئەو نەوتەی بە خەڵک دەدرێت لە بازاڕی رەشەوە دابیندەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک کە 30 ساڵە کاری چاککردنەوەی سۆپای نەوت و گاز دەکات دەڵێت، بەهۆی خراپی کوالێتی نەوتەوە ئەمساڵ زۆرترین پڵیتەی زۆپای گۆڕیوە. سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستانیش باس لەوە دەکات، بەشی زۆری ئەو نەوتەی دەرێت بە خەڵک پشت بە پاڵاوگە نایاساییەکان دەبەستێت.
سەردار سابیر، وەستای چاککردنەوەی سۆپای نەوت و گازە لە سلێمانیی و باس لەوە دەکات، نەوتەکە ئەوەندە خراپە ماڵ هەیە دووجار لە هەفتەیەکدا پڵیتەی سۆپا دەگۆرن، چونکە نەوتەکە دوکەڵ و غازی زۆر بە سۆپاکەدا دەکات. دەشڵێت، "رۆژانە 10 بۆ 15 پڵیتەی سۆپا دەگۆڕم، خەڵک زۆر گلەیی دەکەن، پێشتر هەمان پڵیتەمان بە خەڵک داوە، بەڵام ئەمساڵ زیاتر لە ساڵانی دیکە پڵیتە دەگۆڕین."
لە سلێمانی مامەڵە بە سێ جۆر نەوتەوە دەکرێت، نەوتفرۆشەکان ناویان لێناوە؛ نەوتی بازیان، کەرکووک و بەغدا. هاونیشتمانییەک کە زیاتر لە نیوەی تەمەنی پیشەکەی هەر نەوت فرۆشتنە، دەنگی دەخاتە پاڵ ئەوانەی دەڵێن کوالێتی نەوت خراپە، چونکە خۆی شایەتی خراپییەکەی دەدات.
کەمال حوسێن نەوتفرۆشە و دەڵێت، "خەڵک گلەیی لێی هەیە، هەندێک دەڵێن، پڵیتەکان رەق دەبن، هەندێکی دیکە دەڵێن گازی هەیە، ئەگەر نەوتەکەی خراپ نەبێت ئەو خەڵکە بۆ گلەیی دەکات."
خراپبوونی کوالێتی نەوتی ماڵان پەیوەستە بە خراپ پاڵاوتن یان شوێنی هەڵگرتن و گواستنەوەی نەوتەکە، یەکێک لە غازە ژەهراوییەکان کە لە سوتانی نەوتی پیسەوە دەردەچێت غازی دوانە ئۆکسیدی گۆگردە.
د. یوسف مستەفا، مامۆستای زانکۆی سلێمانییە و بە رووداوی گوت، "بەداخەوە پێدەچێت رێژەی گۆگرد لە نێو نەوتەکەدا زۆر زیاد بێت ئەوەش کوالێتی نەوتەکە خراپ دەکات، بەهۆی ئەوەی کە خواستی زۆری لەسەرە پاڵاوگەکان بە ئەرکی خۆیان هەڵناستن و زۆر بە جوانی گۆگردەکەی لێ لانابەن."
بەشێک لەو نەوتەی حکومەت دابەشی دەکات و ئەوەشی لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان پڕە لە ماددەی ژەهراوی و زیانبەخش کە کاریگەری خراپی راستەوخۆ و درێژ خایەنی هەیە.
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان گوتی، "ئەو نەوتەی دەدرێت بە خەڵک پشت دەبەستێت بە پاڵاوگە بێ مۆڵەتەکان و بازاڕی رەش و تێکەڵاوکردن، ئەوەش وادەکات وەکو پێویست کپریتەکەی لێ لانەبرێت. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کردوومانن و ئەو شارەزایانەی کە لەگەڵمان بوون دەڵێن، رێژەیەکی زۆر لە کپریت و گۆگردی تێدایە کە گازێکی زیانبەخشە بۆ مردن و شێرپەنجە و نەخۆشی زۆر."
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نەوتی سپی ماڵان نرخی یەک لیتری لە 725 دینار بۆ 775 دینارەوە دەستپێدەکات و نرخی یەک بەرمل لە 165 هەزار دنیار بۆ 175 هەزار دینارە. گرانی و هەرزانیەکەشی بەپێی جۆرەکەیەتی.