لە قامشلۆ هێرش دەکرێتەسەر تیمی رووداو و وێنەگر و شۆفێری رووداو ئەشکەنجە دەدرێن

رووداو دیجیتاڵ

کاژێر 14:00ی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەکاتی رووماڵی رێورەسمی بەخاکسپاردنی 12 شەهیدی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گۆڕستانی شەهیدانی قامشلۆ، هێزێکی نەناسراو هێرش دەکەنە سەر تیمی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە پەیامنێر ڤیڤیان فەتاح، وێنەگر عیسا حەسەن خەلەف و شۆفێر عەبدوڵڵا مەژدەل پێکهاتبوون.
 
6 ژنی ئەندامی ئاسایشی قامشلۆ لە گۆڕستانی شەهیدان رێگری و بێ رێزی بە ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو دەکەن و دواتر دەبردرێتە ناوەندی ئاسایشی قامشلۆ.  
 
هەردوو هاوسەرۆکی ناوەندی ئاسایشی قامشلۆ داوای لێبوردن لە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەخوازن لەسەر ئەو هەڵسوکەوت و بێ رێزییەی هێزەکانی ئاسایش لە گۆڕستانی شەهیدان و بەڕێدەکرێتەوە ماڵ.
 
بەڵام لە هەمانکاتدا هەر لە گۆڕستانی شەهیدان 5 کەس کە جلی سەربازییان لەبەردابووە، بەڵام ئەندامی ئاسایش یان هێزەکانی پۆلیس نەبوون،  وێنەگر عیسا حەسەن خەلەف و شۆفێر عەبدوڵڵا مەژدەل سواری ئۆتۆمبێلەکەی رووداو دەکەن و دەیانبەنە شوێنێکی دەرەوە قامشلۆ و دوای ئەشکەنجە، لێدان و هەرەشە، ئازادیان دەکەن.
 
لەم هێرشەدا کامێرا و لایڤیوی تۆڕی میدیایی رووداو و چەند باج و ناسنامەیەکی پەیامنێر ڤیڤیان فەتاح کە لە جانتاکەی لە ئۆتۆمبێلەکەی رووداو دابووە، بردراون.
 
لە جانتاکەی ڤیڤیان فەتاح (ناسنامەی تۆڕی میدیایی رووداو، کارتی ئەندامێتی لە یەکێتی راگەیاندنی ئازاد، وەڵاتینامەی سووریا، مۆڵەتی شۆفێری، ساڵیانەی ئۆتۆمبێل و هەروەها ناسنامەی ئەنجوومەنی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر)ی تێدابووە و هەمووی بردراوە بەڵام دەست لە پارە و کەلوپەلەکانی دیکەی نەدراوە.
 
دوای ئازادکردنی وێنەگر و شۆفێری تیمی تۆڕی میدیایی رووداو و ئاشکرابوونی ئەو ئەشکەنجە و ئازارەی دراون، بەڕێوەبەری نووسینگەی قامشلۆی تۆڕی میدیایی رووداو و پەیامنێر، وێنەگر و شۆفێری رووداو لە ناوەندی ئاسایشی قامشلۆ سکاڵای یاساییان بە فەرمی تۆمار کرد و بەڵێنیان پێدراوە ئەو هێزەی هێرشی کردووەتە سەر تیمی تۆڕی میدیایی رووداو بدۆزنەوە و کەلوپەلەکانی رووداو بگەڕێننەوە.