وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەداتە تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەنگاوێکی دیکەی پشتیوانیکردن لە گیراوانی بادینان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتی جیهانیی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤی بە سەرۆکی تیمی پارێزەرانی ئەو دەستگیرکراوانە بەخشی.
 
لەنێو 10 براوەکەی ئەمساڵدا، کە خەڵکی وڵاتانی جیاجیای سەرانسەری جیهانن، بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان، بە نوێنەرایەتیی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی دهۆک خەڵاتەکەی وەرگرت.
 
بەشدار حەسەن لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە جلی کوردیی پۆشیبوو، ئاڵای کوردستان و عێراقیشی لە مل کردبوو.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ستایشی پارێزەرانی یاسایی دەستگیرکراوانی بادینان دەکات و دەڵێت، لە کاتی بەرگریکردن لە دۆسیەی بریکارەکانیان، لە "مەترسیی گەورە"دا بوون و رووبەڕووی "تۆقاندن، هەراسانکردن و هەڕەشەی کوشتن لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە" بوونەتەوە.
 
وەزارەتەکە بە گەڕانەوە بۆ راپۆرتێکی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) دەڵێت، دەستگیرکراوەکانی بادینان "بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستگیرکراون" و "بە زۆرەملێ شوێنبزر کراون."
 
رۆژی 16-05-2022 دادگەی 2ی تاوانەكانی هەولێر، پێنج لە گیراوانی شیلادزێی پارێزگای دهۆکی دادگایی کرد، کە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 دەستگیر کرابوون. دادگە بە پشتبەستن بە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" حوکمی دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەو گیراوانە دەرکرد.
 
هەروەها 16-2-2021 دادگەی هەولێر بڕیاریدا شێروان شێروانی و چوار دەستگیرکراوی بادینان، بەپێی ماددەى 156 لە یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە (21) بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا بدرێن.
 
رۆژی 14-12-2022 پێنج حکومدراوەکەی شیلادزێ کە پێکهاتبوون لە: یوسف شەریف ئیبراهیم، لەدایکبووی 2001، مەحموود ناجی سدیق، لەدایکبووی 1996، کۆڤان تارق جبرائیل، لەدایکبووی 1996، ئەمجەد یوسف مستەفا، لەدایکبووی 1989 و نێچیرڤان بەدیع حاجی، لەدایکبووی 1993 دوای تەواوکردنی حوکمەکەیان ئازادکران.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، "پاراستن و پشتیوانیکردن لە داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ کارێکی لەپێشینەی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە، چونکە ئەوان بەشێکی جیانەکراوەی دیموکراسی، دادپەروەری، کۆمەڵگەی مەدەنیی کارا، خۆشگوزەرانیی ئابووری و خۆڕاگریی ژینگەیین."
 
وەزارەتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، 10 براوەکەی ئەمساڵ، "سەرکردایەتی و بوێرییان پێشانداوە لە کاتی برەودان و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سەرەتاییەکان؛ بەرەنگاربوونەوە و ئاشکراکردنی پێشێڵکارییەکانی دژی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن حکومەت و بازرگانییەکانەوە، هەروەها لە کارکردن لە پێناو پاراستنی ژینگە، باشکردنی بەڕێوەبردنی حکومەت و مسۆگەرکردنی لێپرسینەوە و کۆتاییهێنان بە خۆدزینەوە لە یاسا."