لە دوو ناوچەی سلێمانی زیاتر لە 500 ملیمەتر باران باریوە‏

رووداو دیجیتاڵ

لێپرسراوی بەشی كەشناسیی كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی 24 ‏كاژێری رابردوودا ‏زۆرترین باران لە ‏ناحیەی بەرزنجە‌ و كەمترینیش لە ناحیەكانی شوان ‌و ئاخجەلەر باریوە.
 
كارزان لەتیف، لێپرسراوی كەشناسیی كشتوكاڵی سلێمانی بە تۆڕی ‏‏‏میدیایی ‏رووداوی راگەیاند، ئامارەكانی باران بارینی چەند رۆژی رابردوو ‏"دڵخۆشكەرن" لە سلێمانی و بارانبارین پێش ساڵی پێشوو كەوتووەتەوە، گوتیشی، ‏‏"ساڵی پێشوو تاوەكو ئەم کاتە لە سلێمانی 261.3 ملیمەتر باران ‏باریبوو، بەڵام ئەمساڵ تاوەكو ئێستا 292.1 ملیمەتر باران باریوە."
 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت.
 
سەبارەت بە بڕی ئەو بارانەی لە 24 کاژێری رابردوودا باریوە، کارزان لەتیف ئاماژەی بەوە کرد، "زۆرترین ‏باران لە ناحیەی بەرزنجە باریوە، كە 51.8 ملیمەتر ‏بووە ‌و كەمترینیش لە ناحیەكانی شوان ‌و ئاغجەلەر بووە كە تەنیا ‏یەك ملیمەتر بارانیان لێ باریوە."
 
لەبارەی زۆرترین رێژەی بارانبارینی ئەمساڵیش لە سنووری سلێمانی، ‏كارزان لەتیف ئەوەی خستەڕوو، لە ناحیەی بەرزنجە ‌و قەزای چوارتا بووە، لە بەرزنجە 549.6 ملیمەتر باران باریوە، ساڵی پێشوو ‏تاوەكو ئەم كاتە 486.6 ملیمەتر باریبوو، بەڵام لە قەزای چوارتا ساڵی پێشوو ‏لەم ساڵ زیاتر باریوە، ئەمساڵ 508 ملیمەتر باران باریوە، بەڵام ساڵی ‏پێشوو تاوەكو ئەم كاتە 548.5 ملیمەتر بارانی لێ باریبوو.