تەندروستیی راپەڕین مووچە بەو کارمەندانە نادات کە بایکۆتیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
چەند کارمەندێکی نەخۆشخانەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین بایکۆتی دەوامیان کردووە و بەهۆیەوە پێدانی مووچەکەیان راگیراوە. بەڕێوەبەری تەندروستی سنوورەکە دەڵێت، "ناکرێت من مووچەیان پێ بدەم و لەبەر نەبوونی کارمەند، نەخۆشمان گیانلەدەستبدات".
دکتۆر دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی راپەڕین ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مووچەمان لەبەردەستە و هەرکەس دەوامی خۆی کردبێت مووچە وەردەگرێت، بەڵام ئەوانەی بایکۆتیان کردووە تاوەکو نەگەڕێنەوە دەوام مووچەیان بۆ خەرج ناکرێت".
بەگوێرەی تەندروستیی راپەڕین، نزیکەی 16 کارمەندی تەندروستی 10 رۆژە بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە بایکۆتی دەوامیان کردووە. دکتۆر دیار ئیبراهیم گوتی، داوای کردووە کارمەندەکان بگەڕێنەوە سەر کار بۆ ئەوەی مووچەیان پێبدەن، بەڵام ئەوان "رەتیانکردووەتەوە".
بەڕێوەبەری تەندروستی راپەڕین گوتی، "ئێستاش بێنەوە دەوام راستەوخۆ و بێ لێبڕین مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت، بەڵام ناکرێت لێرە خۆبەخش کاربکات و نەخۆش بخەوێندرێت و ئەوانیش بڵێن مووچە وەردەگرین و دەوامیش ناکەین. سبەی نەخۆشێک گیانلەدەستبدات ئێمەش بەرپرسیار دەبین لەوەی کارمەندەکانمان لە نەخۆشخانەدا نین".
لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک دەستیپێکرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو نەدراوەتە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 920 ملیار دینارە بۆ مووچە. بۆ مووچەی ئەم مانگە حکومەتی عێراق لە پشکی هەرێمی کوردستان 618 ملیار دیناری ناردووە و بڕیارە ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت بە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.