داهاتی ئەم هەفتەیەی سنووری سلێمانی نزیکەی 12 ملیار دینارە

رووداو دیجیتاڵ 
 
بە گوێرەی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتی یەک هەفتەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین نزیکەی 12 ملیار دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی پێشوو، نزیکەی 8 ملیار دینار کەمیکردووە.
 
ئەمڕۆ هەینی، ماڵپەڕی شەفافییەت بڵاویکردەوە، لە 27-01-2024ـەوە بۆ 02-02-2024، داهاتی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین 11 ملیار و 718 ملیۆن و 429 هەزار و 275 دینار بووە.
 
بەپێی ماڵپەڕەکە، داهاتی هەفتەیەک پێشتر و لە 20-01-2024 بۆ 26-01-2024، 20 ملیار و 471 ملیۆن و 691 هەزار و 959 دینار بووە.
 
داتاکانی ماڵپەڕەکە داهاتە نانەوتییەکانە. لە بڵاوکراوەکەیاندا هاتووە، داهاتی نانەوتیی ئەو سنوورانە لە ساڵی 2023دا زیاتر لە یەک تریلیۆن و 173 ملیار و 996 ملیۆن دینار بووە.
 
داهاتی نێوخۆ جگە لە خەرجی فەرمانگەکان، بۆ دابینکردنی ئەو کورتهێنانە خەرج دەکرێت کە بۆ پێدانی مووچە دروست دەبێت.
 
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند.
 
ماڵپەڕی شەفافییەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ی بەرزکردووەتەوە.