هاتووچۆی هەولێر دەنگۆی دانانی کامێرای تایبەت بە مۆبایل و پشتێنی سەلامەتی رەتدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دانانی جۆرە کامێرایەکی نوێی چاودێری لەسەر رێگەی بەحرکە لە هەولێر، کە تایبەت بێت بە تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی "بەکارهێنانی مۆبایل" و "نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی"، هاتووچۆی هەولێر گوتی، "هیچ کامێرایەکی لەو شێوەیەمان نییە."
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک هاونیشتمانی پەیوەندییان بە رووداوەوە کرد و ئاماژەیان بەوە کردبوو، لەسەر رێگەی بەحرکە و بە دیاریکراوی لە بەرامبەر "سەما مۆڵ"، جۆرە کامێرایەکی نوێ دانراوە راستەوخۆ ئەو شۆفێرانەی مۆبایل بەکاردێنن یان پشتێنی سەلامەتییان نەبەستووە، وەک سەرپێچی بۆیان تۆمار دەکات.
 
عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە ئێستادا هیچ کامێرایەکمان لە کاردا نییە کە تەنیا بۆ مەبەستی تۆمارکردنی سەرپێچیی خۆنەبەستنەوە (پشتێنی سەلامەتی) یان بەکارهێنانی مۆبایل بێت."
 
سەبارەت بەوەی ئەو سەرپێچییانە چۆن هەژمار دەکرێن، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر روونی کردەوە، ئەو سەرپێچییە کاتێک تۆمار دەکرێت شۆفێرەکە تیژڕۆیی بکات و گوتی: "ئەگەر شۆفێرێک سەرپێچیی تیژڕۆیی بکات و لەو کاتەدا کامێراکە وێنەی بگرێت، ئەگەر لەنێو وێنەکەدا دیار بێت کە شۆفێرەکە مۆبایلی بەدەستەوەیە یان پشتێنی نەبەستووە، ئەو کاتە ئەو سەرپێچییانەشی بۆ هەژمار دەکرێت، بەڵام کامێرایەک تەنیا بۆ ئەو مەبەستە دانرابێت، بوونی نییە."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لە داهاتوودا پلانیان هەیە بۆ دانانی ئەو جۆرە کامێرایانە، عەقید هێمن ئەمین ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری لەو شێوەیە پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە هەیە و ئەوان لە ئێستادا زانیارییان لەسەر بوونی پلانێکی لەو شێوەیە نییە.