ئاراستەیەکی گۆڕان دەڵێت، ئەم مانگە کۆنفرانس دەکەن؛ ئاراستەکەی دیکە دەڵێت، ئاگادار نین
رووداو دیجیتاڵ
ئاراستەی گەڕەکی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، کۆمیسیۆن 16ی ئەم مانگەی دیاریکردووە بۆ کۆنفرانسی گشتییان لە شاری کەرکووک. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە ئاراستەی گردی زەرگەتە دەڵێت، "ئاگادار نەکراوینەتەوە."
لە راگەیێندراوێکدا، کە بەناوی "بزووتنەوەی گۆڕان"ەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "فەرمانگەی کاروباری پارتە سیاسییەکان، پشتبەست بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە 16-02-2026ی وەکو وادەی بەستنی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری کەرکووک دیاریکرد."
رێبەند ئەحمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کۆنفرانسی گشتیدا کە 16ی شوبات دیاریکراوە، ئەو کەسانە مافی بەشداربوونیان هەیە کە لە ساڵی 2017 بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی بزووتنەوەی گۆڕان ناویان لە بەغدا تۆمار کراوە و ژمارەیان زیاتر لە 2100 کەسە."
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی، کە ئێستا بارەگای سەرەکییان لە گەڕەکی کوردساتە لە شاری سلێمانی، ئاماژەی بەوەش کرد، "هەڵبژاردنی شاری کەرکووک بۆ کۆنفرانس لەم کاتەدا کە کورد لە هەموو جیهان لە یەکدەنگییەکی گەورەدایە، بۆ ئێمە زۆر گرنگە و دەبینە یەکەم حیزبی کوردستانیش لەو شارە کوردستانییەدا کۆنفرانسی گشتی بکەین."
رێبەند ئەحمەد گوتیشی، "دەبێت لە کۆنفرانسەکەدا رێکخەری گشتیی و ئەندامانی سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە هەڵبژێردرێن."
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، کە بارەگای سەرەکییان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نوێنەری ئێمە بە فەرمی نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕانە لە کۆمیسیۆن و لەو وادەیە ئاگادار نەکراوینەتەوە".
نزار مەحموود گوتی، "ئێمە بە نووسراوی فەرمی داوامان کردبوو 14ی شوبات بۆ کۆنفرانس دیاری بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لە دیاریکردنی رۆژەکە ئاگادار نەکراوینەتەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی گۆڕاندا هاتووە، "لەکاتێکدا پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین، بە دەرفەتێکی دەزانین بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە یاسایی و رێکخراوەییەکان و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە خەباتی سیاسی و مەدەنی لەلایەک و داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوچەرخ کە لەگەڵ خواست و ویستی هاونیشتمانیاندا یەکانگیر بێت."
رۆژی 24-05-2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسێکی لەشاری سلێمانی کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی هەردوو ئاراستەکەوە، بێ ئەنجام کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسندی نەکرد.
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان، ناکۆکییان لەسەر دەستووری بزووتنەوەکە هەیە، لە گردەکە دەڵێن بەپێی دەستوورەکەیان نابێت لە کۆنفرانس رێکخەر هەڵبژێردرێت، ئاراستەکەی دیکە دەڵێن، مەرجی کۆمیسیۆنە رێکخەر هەڵبژێردرێت.
ئەوانەی دەتوانن بەشداری کۆنفرانسەکەی گۆڕان بکەن و لە 2017 ناویان تۆمار کراوە ئێستا بەسەر هەردوو ئاراستە دابەش بوون، جگە لەوەی بەشێکیان دەستبەرداری سیاسەت بوون و بەشێکیش چوونەتە نێو حیزبەکانی دیکە.
هەردوو لایەنە ناکۆکەکەی گۆڕان پێشتر کۆنفرانسی جیایان بەست و سەرکەوتوو نەبوون، لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتی کرد. هەروەها ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە 26ـی نیسانی هەمان ساڵ کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە پەسندکردنیان لە کۆمیسیۆنەوە پێ نەدرا.
بەگوێرەی دەستووری نێوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەکە پێکدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ژوورەکان، فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی قەزاکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت.
جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە گۆڕاندا.
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی، خانەکە لە 7 کەس پێکدێت، "رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی."