ئەشواق جاف: لەبەرامبەر پۆستی سەرۆککۆمار هەموو پۆستەکانی بەغدا دەدەینە یەکێتی


رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەربگرێت و دەڵێت، ئامانج لێی گەڕاندنەوەی قورسایی کوردە بۆ بەغدا هاوشێوەی سەردەمی مام جەلال. 
 
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاشکرای دەکات، پێشنیازێکیان داوەتە قوباد تاڵەبانی بۆ ئەوەی بەرامبەر سەرۆککۆمار، هەموو پۆستەکانی دیکەی بەغدا بدەنە یەکێتی.
 
ئەشواق جاف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارتی تەنیا بۆ بەدەستهێنانی پۆست کێبڕکێ ناکات، بەڵکو دەخوازێت پۆستی سەرۆککۆمار ببێتەوە چەقی بڕیار و هاوئاهەنگیی نێوان هەموو پێکهاتەکان.
 
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی بە جیا کۆببێتەوە. ئەشواق جاف ئاماژەی بەوە کرد، سێ دۆسیەی سەرەکی لەو کۆبوونەوانەدا باس دەکرێن: "یەکەم، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. دووەم، بەربژێری سەرۆکوەزیران. سێیەم، دۆخی هەستیاری ناوچەکە."
 
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی: "دۆخی ناوچەکە جێگیر نییە و هەر رووداوێک لە وڵاتانی دراوسێ رووبدات، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت. بۆیە پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە نابێت عێراق ببێتە بەشێک لە کێشەکان."
 
پۆستی سەرۆککۆمار؛ گەڕانەوە بۆ سەردەمی مام جەلال
 
ئەشواق جاف گوتی، پارتی پۆستی سەرۆککۆمار وەک "ئیستحقاقێکی دەستووری" بۆ کاراکردنەوەی رۆڵی کورد لە بەغدا دەبینێت.
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "ئێمە دەمانەوێت پۆستی سەرۆککۆمار هاوشێوەی سەردەمی خوالێخۆشبوو مام جەلال بێت. لەو سەردەمەدا هاوئاهەنگییەکی بەهێز لەنێوان سەرۆک بارزانی و مام جەلال هەبوو، ئەوەش وایکرد کورد لە بەغدا قورساییەکی گەورەی هەبێت. ئێستا دەمانەوێت د. فوئاد حوسێن ئەو رۆڵە ببینێت، چونکە خاوەن ئەزموونێکی دیپلۆماسیی گەورەیە."
 
گرێکوێرەی نێوان پارتی و یەکێتی
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەشواق جاف ئاشکرای کرد فوئاد حوسێن وەک بەربژێری پارتی، پێشنیازێکی داوەتە قوباد تاڵەبانی.
 
ئەشواق جاف گوتی: "پێشنیازەکە ئەوەیە، پارتی هەموو پۆستەکانی لە عێراق دەداتە یەکێتی بەرامبەر سەرۆککۆمار. پێشنیازەکە لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە گەیێندراوەتە حیزبەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکێتی وەڵامێکی فەرمیی نەداوەتەوە."
 
لەبارەی پۆستەکانی هەرێمی کوردستانیش، گوتی: "برا ئازیزەکانمان لە یەکێتی داوای 9 وەزارەتیان کردووە دووانیان ئەمنین. پارتی کێشەی لەسەر ژمارەی وەزارەتەکان نییە، بەڵام کێشەکە لەسەر جۆری وەزارەتەکانە."
 
بەربژێری سەرۆکوەزیران و هەڵوێستی ئەمریکا
 
سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، ئەشواق جاف ئاماژەی بە بوونی "تەمێکی سیاسی" کرد و گوتی هێشتا روون نییە ئایا ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەمریکا، لەسەر کەسی مالیکییە یان بەرنامە سیاسییەکەی.
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "ئێمە وەک پارتی نامانەوێت ببینە بەشێک لە ململانێکان، بەڵکو دەمانەوێت بزانین بەرنامەی حکومەتی داهاتوو چییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا."
 
لە کۆتاییدا ئەشواق جاف رایگەیاند، پارتی هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە کورد بە یەک بەربژێر و یەک دەنگ بچێتە پەرلەمان، بەڵام "دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی خۆی و گەلی کوردستان نابێت تەنیا بۆ رازیبوونی لایەنێک."