لە دهۆک "پیتزای قومبەلە" بازاڕی گەرمە
رووداو - دهۆک
دیندار قومبەلە ماوەی 19 ساڵە پیتزا دروستدەکات، بەڵام هیچکات هێندەی ئەم چەند مانگەی دوایی ناوبانگی نەبووە، بەهۆی ئەوەی ئێستا جۆرە پیتزایەکی تایبەت دروست دەکات کە ناوی لێ ناوە "پیتزای قومبەلە".
پیتزاکە لە ناو و قەبارەیدا جیاوازە و وەستاکەش شەش مانگە دروستیدەکات. دیندار قومبەلە دەڵێ "ئێمە یەکەم کەس بووین لە هەموو هەرێمی کوردستان کە ئەمجۆرە پیتزایەمان دروستکرد، پیتزاکە گەورەیە و بەشی هەشت کەس زیاتریش دەکات".
پیتزای قومبەلە، رەواجێکی زۆری لە دهۆک پەیداکردووە، پەیدابوونی ناوبانگیشی لەرێگەی هونەرمەندی میللی عەلی ئەڤریکی بووە، کە بۆ یەکەم جار لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویکردەوە و بەهۆشیەوە تاوەکو ئێستا سێ خواردنگەی دیکەی "قومبەلە" کراونەتەوە.
رۆژانە لە خواردنگەی دیندار قومبەلەدا 300 پیتزای قومبەلە دەفرۆشرێن، لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینیشدا رۆژانە فرۆشی دووقات دەبێت. نرخی پیتزای قومبەلە لەنێو خواردنگەکەدا 15 هەزار دینارە و ئەگەر کڕیارەکان لەنێو خواردنگەکەدا دانەنیشن و بیبەنەوە ماڵەوە، تەنیا بە 10 هەزار دینارە.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار