سەرۆکی شارەوانی: 70٪ـی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئەمساڵی هەولێر بۆ باشووری شار دەبن

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی پلانەکانی شارەوانیی هەولێر، بۆ ئەمساڵ نزیکەی 19 ملیار دینار لەسەر داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانی بۆ چەندین پڕۆژە تەرخان دەکرێت، کە 70٪ـیان تایبەت دەبن بە پڕۆژەکانی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان.
 
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 02-03-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ''هاوشێوەی ساڵی رابردوو، سەرنجمان لەسەر ئەوەیە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان بۆ باشووری شاری هەولێر بن. بۆ ئەم مەبەستەش 70 ٪ـی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریی ئەمساڵ، لە باشووری ئەم شارە جێبەجێ دەکرێن''.
 
عەبدولواحید ئەحمەد زیاتر روونکردنەوە دەدات کە مەبەستی لە باشووری شاری هەولێر، ''رێگەی سەرەکیی هەولێر - کەسنەزان تاوەکو رێگەی سەرەکیی هەولێر - موسڵ بە لای کەرکووکەوەیە، دانیشتووانی ئەو بەشەی هەولێر کەمدەرامەتن و پێویستی زیاتریان بە خزمەتگوزارییە". گوتیشی "30٪ـی پڕۆژەکان تایبەتن بە دروستکردن و باشکردنی پارک و باخچەکان".
 
شارەوانیی هەولێر لە پلانی ساڵی 2023ـیدا چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆری دەبێت. سەرۆکی شارەوانی دەڵێ "پلانەکەمان بە گوژمەی نزیکەی 19 ملیار دینار پێشکێشکردووە. 70٪ـی ئەم پڕۆژانە، دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان و 30٪ـەکەی دیکەش بۆ دروستکردنی باخچەیە لە گەڕەکەکان''.
 
عەبدولواحید ئەحمەد گوتیشی، ئەو پڕۆژانە ''لەسەر داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەبن، بەڵام بە گوژمەی 70 ملیار دینار، پڕۆژەی دیکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر ئامادەکراون''.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆتایی ساڵی رابردوو، لەبارەی پلانیان بۆ ساڵی 2023 بە رووداوی گوتبوو، لە ساڵی 2022 پڕۆژەکان سێ بەرامبەری 2021 بوون و ''بۆ ساڵی 2023 پلانێکی گشتگیرترمان هەیە، ئەگەر رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا جێبەجێبکرێت، پڕۆژەی ستراتیژی زۆر گرنگمان دەبن".