لە هەولێر دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرايەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکردنی دوو بازرگان دەستبەسەرداگرتنی پێنج کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە هەولێر رادەگەیێنێت.
بەڕێوەبەرايەتییەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی بازگەکانی ئاسایش رۆژی 2-3-2024 دەستیان بەسەر پێنج کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گرتووە.
هاوکات، دەڵێت، لە هەمان ئۆپەراسیۆندا دوو بازرگان دەستگیرکران کە "لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە ماوەیەکی زۆر بوو بەدوای ئەم دوو تۆمەتبارەوە بوون."
بەڕێوەبەرایەتییەکە، هاوپێش لەگەڵ راگەیێندراوەکە، وێنەیەکی ئەو مادە هۆشبەرانەی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت دەست بەسەر کڵاشینکۆفێک، دەمانچەیەک، دوو موبایل و دووربینێکیشدا گیراوە.
ئەوانەی دەستگیرکراون، وەکو بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر باسی دەکات، یەکێک بوون لەو سەرچاوانەی "مادەی هۆشبەریان دەگەیاندە ناو شاری هەولێر و لەوێش ساغیان دەکردەوە و گەنج و لاوی کوردیان بەهۆیەوە بەلاڕێدا دەبرد."