پەرلەمانتارێکی عێراق: فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی ناخرێنە سەر وەزارەتی گواستنەوەی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی عێراق لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنییەوە 19 رۆژە رادەستی وەزارەتی گواستنەوە کراوە، ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی ناخرێنە سەر وەزارەتی گواستنەوەی عێراق.
کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (شەممە، 2ـی ئاداری 2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکو وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی ئیدارەی فڕۆکەخەکانی هەولێر و سلێمانی دەدات."
لە عێراق شەش فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی هەن، پێکهاتوون لە فڕۆکەخانەکانى: بەغدا، هەولێر، سلێمانى، کەرکووک، نەجەف و بەسرە.
ئەندامەکەی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە یاسای بودجەی عێراق دا ئەوە جێگیرکراوە، ئیدارەی فڕۆکەخانەکانی عێراق لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراقی وەربگیرێتەوە و بخرێتە سەر کۆمپانیای خزمەتگوزاریی ئاسمانی لە وەزارەتی گواستنەوە، ناوی کۆمپانیاکەش بکرێتە کۆمپانیای گشتیی ئیدارەی فڕۆکەخانەکان و گەشتی ئاسمانی، بەڵام هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی ناچنە سەر ئەو کۆمپانیایە، بەڵکو لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبرێن.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، باڵاترین دەسەڵاتی بەرپرس بووە لە چاودێریی ئاسمانی عێراق و مۆڵەتدان بە تیمی فڕۆکەوانی، رێگەدان بە نیشتنەوە و فڕینی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی عێراق.
جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق، 12ـی شوباتی 2024 بە رووداوی راگەیاندبوو "ئەمڕۆ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق بە فەرمی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی رادەستی وەزارەتی گواستنەوە کرد. وەزیری گواستنەوە هاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و بە فەرمی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی رادەست کرا."
هەر ئەوکاتە رەزاق محێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەت و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی کرد و جەختی لەوە کردەوە، بە مەیدانی لە هەموو فڕۆکەخانەکان دەبن بۆ سەرپەرشتیکردن، رێکخستن، پلان و کاری فڕۆکەخانەکان، بەشێوەیەک کە خزمەت بە گەشتیاران بکات.
عیماد عەبدولرەزاق ئەسەدی، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی بەوەکالەت، رۆژی 07-01-2024 دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. لە دەقی نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەکەدا عیماد عەبدولڕەزاق دەڵێ دەستلەکارکێشانەوەکەی "بەهۆی ئەو گوشارانەوەیە کە لەسەرووی تواناکانمەوەیە."