وێستگەی کارەبای ئیفراز 2ی هەولێر چاککرایەوە و ئاوی خاوێن بۆ نزیکەی 15 گەڕەک دەگەڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە سووتانی وێستگەی کارەبای پڕۆژەی ئیفراز دوو لە هەولێر، وێستگەکە چاککرایەوە. بەڕێوەبەری پرۆژەکە دەڵێت، کێشەی تەکنیکی روونەدات، ئەمڕۆ ئاو دەگەیێننەوە ماڵەکان.
بەهۆی باران و هەورەبرووسکەی نێوەڕاستی مانگی شوباتەوە، وێستگەی کارەبای پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 2 لە شاری هەولێر سووتا و دابەشکردنی ئاو راگیرا. ئەمڕۆ شەممە 02ـی ئادار، ساڵح عوسمان، بەڕێوەبەری پرۆژەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کارەبای هەولێر لە دوێنێوە وێستگەکەیان چاککردووەتەوە، بەڵام ئاو نەگەیشتووەتەوە ماڵان.
پڕۆژەکە 15 گەڕەکی شاری هەولێری لەسەرە و سەرچاوەی ئاوی خاوێنی نزیکەی 150 هەزار کەسە.
لەبارەی کاتی گەیشتنی ئاو بە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە، ساڵح عوسمان گوتی، "ئاومان بەرداوەتەوە، بەڵام گەیشتنی ئاو وەکو کارەبا خێرا نییە؛ ئەگەر کێشەی تەکنیکی دروست نەبێت، ئێوارەی ئەمڕۆ ئاو دەگاتەوە ماڵەکان".