لە کۆگایەکی سلێمانی دەست بەسەر 60 تۆن گۆشتی بەسەرچوودا دەگیرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، دەستیان بەسەر 60 تۆن گۆشتی بەستوودا  گرتووە و 20 تۆنیان لە نێوبردووە. دەشڵێت، داوایان کردووە 40 تۆنەکەی دیکەش لە نێوببرێن، چونکە لە پشکنین دەرنەچوون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی ئاداری 2025، گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیژنەکانمان لە گەڕان و پشکنین بەردەوامن. لە شاری سلێمانی سەردانی کۆگایەکمان کردووە کە دوو جۆر گۆشتی تێدایە. گۆشتی بەستووی هاوردە و کەلەشی ئاژەڵی بچووکی بەستوو."
 
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کۆگاکە نزیکەی 20 تۆن گۆشتی بەستووی ماوە بەسەرچووی تێدابووە و لە نێویان بردووە.
 
سەبارەت بە 40 تۆنەکەی دیکە، گۆران قادر گوتی: "براون بۆ پشکنین و دەرنەچوون. بەشێکیان دووبارە پشکنینی بۆ کراوەتەوە و دیسان لە پشکنین دەرنەچوون. بۆیە پێشنیازمان کردووە، ئەو بڕە گۆشتەیش لەنێوببرێت."
 
بە گوتەی سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، ئەو گۆشتەی نێو کۆگاکە هێشتا نەبرابووە بازاڕ و هیچی لێ نەفرۆشراوە.