سوپای ئەڵمانیا بۆ رووداو: هێزەکانمان لە هەولێر سەلامەتن
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، هێزەکانیان لە هەولێر و بنکەی ئەلئەزرەق لە ئوردن سەلامەتن و هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە، ئەوەش دوای ئەوەی هەردوو بنکەکە کرانە ئامانج و سیستمی بەرگریی ئاسمانی تێیاندا چالاک کرا.
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "هەردوو بنکە سەربازییەکەی ئەلئەزرەق و هەولێر کە لەلایەن هێزە فرەنەتەوەییەکانەوە بەکاردەهێنرێن، هێرشیان کراوەتە سەر و لە هەردوو شوێنەکەش سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی خراونەتە کار."
سەبارەت بە رەوشی سەربازەکانیان لەو دوو بنکەیە، گوتەبێژەکە گوتی: "هێزەکانمان بە شێوەیەکی راستەوخۆ نەکراونەتە ئامانج؛ سەربازەکانمان ئێستا لە شوێنی پارێزراون و سەلامەتن. هەروەها هیچ کام لە ئامرازە گرنگەکانی هێزەکانمان کە بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بەکاری دەهێنن، زیانیان بەرنەکەوتووە."
ئەو بەرپرسەی سوپای ئەڵمانیا جەختی لەوەش کردەوە کە بە وردی چاودێریی پێشهاتەکان دەکەن و گوتی: "ئێمە لە هەڵسەنگاندنی بەردەوامداین و لەگەڵ سەربازەکانمان و هاوبەشەکانمان لە ئاڵوگۆڕی زانیاریداین؛ پاراستنی سەلامەتیی هێزەکانمان کاری لەپێشینەی ئێمەیە."
سوپای ئەڵمانیا وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە هەردوو بنکەی سەربازیی هەولێر و ئەلئەزرەق لە ئوردن جێگیرن و ئەرکەکانی راوێژکاری و پشتیوانیی لۆجستییە.
دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28-2-2026، شاری هەولێر یەکێکە لەو شوێنانەی رووبەڕووی هێرشی مووشەک و درۆنەکانی ئێران و گرووپەکانی بەناو مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بووەتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو لە 28ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا 11 جار هێرش کراوەتەوە سەر هەرێمی کوردستان، چوار هێرشیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و ئەوانی دیکە لەلایەن ئێرانەوە بووە. لەو هێرشانەدا زیاتر لە 60 موشەک و درۆن بەکارهاتوون، تەنیا 2 درۆن ئامانجیان پێکاوە.