سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران: چیای کۆڕەک بۆردوومان نەکراوە


رووداو  دیجیتاڵ

میدیای عەرەبیی نزیک لە ئێران هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە، گوایە هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چیای کۆڕەک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراونەتە ئامانج، بەڵام سەرپەرشتیاری ئیدارەکە رەتیدەکاتەوە.
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رۆژی دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆردوومانکردنی چیای کۆڕەک دوورە لە راستییەوە و هیچ بۆردوومانێک نەبووە".
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: "ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک رواندوز و بەرامبەر چیای کۆڕەک مین بە هاونیشتمانییەکدا تەقیوەتەوە و برینداری کردووە؛ هەر ئەوە هەبووە".
 
هەروەها حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی گوت: "لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکەش بەدواداچوونمان کرد، راست نییە و هیچ بۆردوومانێک نەبووە".
 
هێرشی ئەمجارەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە رۆژی 28ی شوبات دەستیپێکرد، ئێرانیش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکەی داوەتەوە، لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا ئێران و گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق چەند جارێک درۆن و مووشەکیان ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە.