لە بۆردوومانەکانی سنەدا 12 کەس کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، 12 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون؛ قایمقامی شارەکەش دەڵێت شەش بنکەی سەربازی و ئەمنی کراونەتە ئامانج.
رۆژی دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، غەریب سەجادی، قایمقامی شاری سنە رایگەیاند: "ئەمڕۆ شەش بنکە و بارەگای سوپای پاسداران و پۆلیس لە ناو شاری سنە کرانە ئامانج و بەو هۆیەوە 12 کەس کوژراون."
قایمقامی سنە ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشەکان زیانی گیانیی زۆریان لێکەوتووەتەوە و گوتی: "بەهۆی هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا 168 کەس لە سنە بریندار بوون، برینی بەشێکیان قورسە و تەندروستییان ناجێگیرە."
ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە بەرفراوان و هاوبەشەدان کە لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026ەوە، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە. لەو ئۆپەراسیۆنەدا چەندین ناوەندی هەستیار، سەربازی و ئەمنیی تاران کراونەتە ئامانج.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین شەپۆلی مووشەکی بالیستی و درۆنی خۆکوژ وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە. تاران رایگەیاندووە کە بنکەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی ناوچەکە و چەند ئامانجێکی لە ناو خاکی ئیسرائیل پێکاوە.