میدیای ئێران: لە هێرشێکدا 20 کەس لە تاران گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران کوژرانی 20 کەسی لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر گۆڕەپانی نیلوفەری تاران پشتڕاست کردەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 02-03-2026، میدیای ئێران بڵاوی کردەوە، لە هێرشێکی ئیسرائیل و ئەمریکادا بۆ سەر شەقامی عەشقیاری گۆڕەپانی نیلوفەری تاران، لانیکەم 20 کەس کوژراون.
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە گۆڕەپانەکە، داروپەردووی چەندین باڵەخانە و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی تێکشکاو دەبینرێن. هاووڵاتییەک قسەی بۆ میدیای ئێران کرد و رایگەیاند: ''بینیمان بە مووشەک ئەم باڵەخانەیە چوار نهۆمییە کرایە ئامانج و چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە.''
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکە کاژێر 23:30 خولەکی شەوی یەکشەممە (بەکاتی تاران) کراوە کە تێیدا بنکەیەکی فەرماندەیی پۆلیس لە ناوچەکە کراوەتە ئامانج.
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی فراوان و هاوبەشیان بۆ سەر 24 پارێزگای ئێران دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا چەندین ناوەندی هەستیاری وڵاتەکە کراونەتە ئامانج.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین شەپۆلی هێرشی بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل کردووە.