لە هەولێر کەسێک بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لە دەست دا
رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە شەقامی 150 مەتری هەولێر روویدا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا.
عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، شەوی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە ئەمشەو لە نزیک گڵۆباڵ سیتی روویداوە، شۆفێرێک کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە سووتنێکی رووناککەرەوەدا".
ئەو ئتۆمبێلەی تووشی رووداوەکە بووە لە جۆری (BMW)ە، بەگوێرەی وێنەی رووداوەکە، بەشێکی بە تەواوی هەڵوەشاوەتەوە. گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوتی: "شۆفێرەکە گیانی لەدەستداوە".
بەگوێرەی نوێترین ئامار لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بۆ رووداو، لە ساڵی 2018وە تاوەکو مانگی ئابی 2025 لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 21 هەزار 646 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیانەوە 3137 کەس گیانیان لەدەستداوە و 39 هەزار و 339 کەسیش بریندار بوون.