قەرارگای خاتمولئەنبیا: بنکە سەربازییەکانی ئەمریکامان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیای ئێران دەڵێ، لە شەپۆلی حەوتەم و هەشتەمی هێرشەکانیاندا چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 02-03-2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئەنجامی شەپۆلی حەوتەم و هەشتەمی ئۆپەراسیۆنی (بەڵێنی راست 4)ـی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا راگەیاند.
 
بەگوتەی ئیبراهیم زولفەقاری، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، پێش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکن"ی سوپای ئەمریکا بە چوار مووشەکی کرووز کراوەتە ئامانج.
 
گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیا باسی لەوە کرد، دوای هێرشەکە، ''ئابراهام لینکنی ئەمریکی لە شوێنی جێگیربوونی ئاسایی خۆی لە باکووری دەریای عەرەب بەرەو باشووری رۆژهەڵاتی زەریای هیند رایکرد''.
 
 
هاوکات ئیبراهیم زولفەقاری ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی ''ئەلسەلام'' و ''محەممەد ئەلئەحمەد''ـی ئەمریکا لە کوێت کە لە ئەنجامدا زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
 
هەر بە گوتەی خۆیان لە شەپۆلی حەوتەم و هەشتەمی ئۆپەراسیۆنەکەیاندا، بنکەی دەریایی ئەمریکایان لە بەندەری "سەلمان"ی بەحرێن بە چوار درۆن کردووەتە ئامانج و ''زیانێکی زۆر بەر ناوەندەکانی فەرماندەیی و پشتیوانییەکەی گەیشتووە.''
 
گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیا گوتیشی، لە بەردەوامیی هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە دەریاییەکان، سێ نەوتهەڵگری ''سەرپێچیکار''ـی وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز کراونەتە ئامانج و ''ئێستا خەریکە دەسووتێن.''
 
ئیبراهیم زولفەقاری ئەوەشی خستەڕوو، بە دوو مووشەکی بالیستی شوێنی جێگیربوونی سەربازانی ئەمریکایان لە بەحرێن پێکاوە و چەندین هێرشی دیکەیان کردووەتە سەر بنکە سەربازیی دیکە لە ناوچەکەدا ''کە تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی 560 سەربازی ئەمریکی.''
 
گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیا دەڵێت، بە چەند قۆناخێک بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستانیش بۆردوومان کردووە.
 
قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیا بەرزترین ناوەندی بڕیاردانی سەربازییە لە ئێران، کە هاوئاهەنگیی نێوان ئەرتەش و سوپای پاسداران دەکات.
 
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی فراوان و هاوبەشیان بۆ سەر 24 پارێزگای ئێران دەستپێکردووە و چەندین ناوەندی هەستیاری وڵاتەکە کراونەتە ئامانج کە لە ئەنجامدا چەندین بەرپرسی باڵای ئێران کوژراون، لە نێویشیاندا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین شەپۆلی هێرشی بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل کردووە.