بارزانی لە پێشانگای كتێب ئەم كتێبانەی ویست


رووداو – هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریكرد لە كردنەوەی نۆیەم پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر و 5 كتێبی لە پێشانگاكە هەڵگرت.

پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پێشانگاكەدا هەندێک کتێبی کڕیوە و هەندێکیشی بە دیاری پێدراوە:

1/ فەتحوڵڵا گولەن.. دید وپرسی كورد

2/ مذكرات الجمسی .. حرب اكتوبر 1973

3/ میشێل فۆكۆ.. مێژووی شێتی لە چەرخی كلاسیكدا

4/ التسونامی العربی

5/ المتشددون المحدثون دراسە لحركات اسلامیە معاصرە

 بارزانی وتارێكیشی پێشكەشكرد و گوتی "لە كوردستان ئازادییە گشتییەكان هەن و هەموو دەزگا و كەسێك بۆی هەیە گوزارشت لە خۆی بكات".

بارزانی رۆشنبیری بە بناخەی ژیانێكی خۆشبەخت بۆ گەل دانا و گوتی "رۆشنبیری دەتوانێ داهاتووی گەش بونیات بنێت و سوودی بۆ گەل هەبێت".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی پێشانگاكەوە گوتی "پێشانگای كتێب بەشێوەیەكی سەرەتایی دەستیپێكرد، بەڵام ئەمڕۆ پێشانگای نۆیەم بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بەڵگەی خۆشویستنی كتێبە لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە، ئامادەبوونی خەڵكێش بەو رێژەیە رێزگرتنە لە نووسین و رۆشنبیری". 

بارزانی گوتیشی: "دەتوانین ئەوەش بڵێین لەكوردستان ئازادی گشتی هەیە‌و هەموو لایەك و هەموو خانەیەكیش ئازادە لێرە كتێبەكانی نمایش بكات، بەبێ ئەوەی چاودێری لەسەر كتێبەكان هەبێت، چونكە ئێمە متمانەمان بە خۆمان هەیە".