باوکی یەکێک لە گەنجە خنکاوەکانی ماوەت باسی رۆژێک پێش خنکانی کوڕەکەی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

تەرمی دەروون رەئوف و هەڵکەوت نووری لە شوێنێکی قووڵی چەمی قەشان لە ماوەت دۆزرانەوە، بە هێلیکۆپتەر برانەوە بەرزایی، تەرمێکی دیکەش سەرئاوکەوت، هێندەی نەبردووە دیسان ونبووە، مەزەندە وایە کۆسار نەوزاد بێ، سبەی باشتر بە دوایدا دەگەڕێن، ئەم سێ هاوڕێیە لە 21ی نەورۆزەوە کەوتبوونە ناو چەمی قەشان.
 
تەرمی دەروون کاژێر 17:00ـی ئەم ئێوارەیە سەرئاوکەوتووە، خەڵک لە سەرەوە بە دووربین بینییان، تەرمی هەڵکەوتیش دوو مەلەوانی خەڵکی تەقتەق دەریانهێنا. 
 
زانا و کارزان دوو مەلەوانی خۆبەخشن 12 رۆژە بە دوای تەرمەکاندا دەگەڕێن، کارزان گومانی لە قووڵاییەک هەبووە لە چەمی خەمەڵووت، لە سەرەوە قۆڵی زانا لە گوریسێکی درێژ بەستراوە، خۆی فڕێ داوەتە بنی ئاوەکە و دەڵێت، "دەستم لە پێڵاوەکانی هەڵکەوت گیر بوو، گوریسەکەم لە خۆم کردەوە بەستم بە گیانی ئەوەوە، لەگەڵ کارزان 700 مەترێک رامانکێشا تا هێنامانە دەرەوە، بە هێلیکۆپتەر هەڵیانکێشا بۆسەر بەرزایی چیاکە، لەوێوە بەرەو سلێمانی و دواجاریش ماڵی خۆی لە هەولێر، تەرمی هەردووکیان پێنج کیلۆمەتر دوورتر لە شوێنی ونبوونیان دۆزرایەوە".
 
کارزان جەبار، مەلەوانێکی دیکەی خۆبەخش دەڵێت، "دوو رۆژ بوو گومانمان لە جێگەیەک هەبوو نەماندەتوانی بچین بۆی، بەڵام ئەمڕۆ چووین و لەوێ دۆزیمانەوە".
 
هێلیکۆپتەرەکەی تیمی فرۆکەوانیی سلێمانی تەرمی هەڵکەوتیان، لە نێو ئاوە سارد و بەخووڕەکەی چەمی خەمەڵووک هێنایەوە و دوای رێکارە یاسایی و تەندروستییەکان رادەستی کەسوکارەکەی دەکەنەوە.
 
عەمید حوسێن، فڕۆکەوان دەڵێت، "تەلەفۆنیان بۆ کردین بۆ دەرهێنانی ئەو تەرمە، چونکە جێگەکە سەخت بوو هاتین. بەڕاستی جێگەکە سەخت و قورس بوو دەرهێنان و دواجار دەرمانهێنا".
 
لە هەولێر خزم و ناسیاوەکانی نووری عومەر، باوکی هەڵکەوتی 30 ساڵان، بۆ سەرەخۆشی و دڵدانەوە چووبوونە ماڵیان.
 
نووری عومەر، باوکی هەڵکەوت، دواجار رۆژی بیستی مانگ بوو رۆژێک پێش نەورۆز کە کوڕەکەی بینی و دەڵێت، "خواحافیزم لێکرد گوتی بابە دەچمە ئەو جێگەیە ماڵی خەزووری لێیە، گوتم رۆڵە بەخێر چیت".
 
دوای حەوت کاژێر لە دۆزینەوەی هەڵکەوت تەرمی دەروون رەئوفی 27 ساڵانیش لە هەمان جێگە دۆزرایەوە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێت، "شەو و رۆژ تیمەکانمان لەگەڵ خۆبەشەکان هەر لە ماوەت دەمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی سۆراخی کۆساری 22 ساڵانیشمان دەستەکەوێت، کە لە رۆژی 21 مانگی رابردووەوە بێسەروشوێنە".