ئەندامێکی ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە: رێککەوتن کراوە جێگرى پارێزگار و پێنج پۆستى دیکە بدرێتە کورد
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامە یەکێتییەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە رایگەیاند، بۆ دیاریکردنى سەرۆکى ئەو ئەنجوومەنە لیستەکان بوونەتە دوو بەرە. دەشڵێت: "رێککەوتن هەیە بۆ ئەوەى جێگرى پارێزگار و پێنج پۆستى دیکە بدرێنە کورد."
ئەوس مەهداوى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەربەستى سەرەکى لە بەردەم پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی دیالە پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگایە، ئێستا دوو بەرە داوای دەکەن کە یەکێکیان هاوپەیمانى تەقەدوومە بە هاوپەیمانێتیى یەکێتى، دەوڵەتى یاسا، لە بەرامبەردا هاوپەیماینى سیادە کە هاوپەیمانى لەگەڵ هەندێک لایەنى دیکەى شیعە هەیە."
ئەوس مەهداوى گوتیشى: "نزار لهێبى بەربژێرى تەقەدوومە بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە".
ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە 15 ئەندام پێکهاتووە، دوو هاوپەیمانێتیەکەى دیالە هەر یەکێکیان 7 کورسی هەیە و بەتەنیا ناتوانن پۆستەکان یەکلابکەنەوە.
بە گوتەی ئەوس مەهداوی، پۆستى پارێزگاریش بە هەڵپەسێردراوى ماوەتەوە و هیچ پێشنیازێکى نوێ نییە بۆ یەکلاکردنەوەى.
رۆژی 18ى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە 28ى كانوونى 2024 ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکە لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە نەتواندراوە پۆستى پارێزگارى دیالە یەکلایی بکرێتەوە.
ئەندامەکەى یەکێتى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە رایگەیاند، هاوپەیمانێتى و رێککەوتنیان لەگەڵ هاوپەیمانى تەقەدووم هەیە بۆ ئەوەى جێگرى پارێزگارى دیالە و بەڕێوەبەرێکى گشتى و چوار بۆ پێنج بەڕێوەبەرى فەرمانگەکانی دیالە بدرێنە کورد.
هاوپەیمانیی دیالەتونا، زۆرترین دەنگەکانى پارێزگا دیالەى بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا و چوار کورسی ئەنجوومەنى هەیە، بەدوایدا هاوپەیمانیى تەقەدووم دێت کە سێ کورسیی هەیە.