بەڕێوەبەری پەروەردەی سەلاحەدین لە پۆستەکەی دووخرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگاکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و لیژنەی دامەزراندنی گرێبەستەکانیشی لە بەڕێوەبەرایەتییەکە هەڵوەشاندەوە.
یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 2ی نیسانی 2024 ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین کۆبووەوە و تێیدا تاوتوێی راسپاردەی لیژنەیەکی کرد کە ئەنجوومەنەکە پێکیهێنابوو بۆ چاوخشاندنەوە بە تانە و سەرپێچییە کارگێڕییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سەلاحەدین و لیژنەی دامەزراندنی گرێبەستەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگاکە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین گوتی، پاڵپشت بە ئەنجامی راپۆرتی لیژنەکە، ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین سوڵتان سەعید فازلی لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سەلاحەدین دوورخستەوە، دوای ئەوەی سەلمێندرا لە دۆسیەی دامەزراندنی گرێبەستەکاندا سەرپێچی کردووە.
داودی گوتیشی، ئەنجوومەنەکە لیژنەی دامەزراندنی گرێبەستەکانی لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سەلاحەدین هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا دوو لیژنە پێکبهێنێت؛ لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشەکان لە پەروەردەی قەزاکان؛ لیژنەکەی دیکە بۆ هەڵسەنگاندنی کاری بەڕێوەبەری فەرمانگە و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی قەزاکانی سەلاحەدین.
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکهاتووە و تەنیا یەک نوێنەری کوردە، ئەویش یاسین داودییە لە یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان.