مەسرور بارزانی بۆ پلاسخارت: پێویستە هەڵبژاردن دوور لە دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت
رووداو دیجیتاڵ
سهرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق کۆبووەوە و پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دووپات کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی نیسانی 2024 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان پێشوازیی لە جێنين پلاسخارت، نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق کرد.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بووە. مەسرور بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە داوە، "پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی و دوور لە پێشێلکاریی دەستووری و دەستوەردان و دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت. رێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستانیش بگیرێت."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن کردەوە بۆئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت.
وەکو لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر نەهێشتنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن و گەیشتنی لایەنەکان بە چارەسەر لەپێناو پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.