رووداو وردەکاری و مەرجەکانی دابەشکردنی زەوی بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکارەکانی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و پێویستە لە 10 رۆژدا سەرجەم شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان راپۆرتی تایبەت بە دابینکردنی زەوی لە سنوورەکانی خۆیان بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا ئامادە بکەن.
هەر شارەوانییەکیش زەوی ئامادەی نەبێت یان سنووری شارەوانییەکەی فراوان دەکرێت و زەوی کشتوکاڵی بۆ دەکوژێندرێتەوە یان لە سنووری نزیکترین شارەوانی لێیەوە زەوی بۆ دابین دەکرێت.
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزارەتی شارەوانییدا کە تایبەت بوو بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا لە 10 رۆژدا رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستنیشان بکرێن".
خەسرۆ ئیسماعیل گوتیشی، "شارەوانییەکان لە سنووری خۆیان زەوی بۆ فەرمانبەرانی سنوورەکەیان تەرخان دەکەن، واتە هەر فەرمانبەرێک لە هەر ناوچەیەک خزمەت بکات لەو ناوچەیەی کە دەوامی تێدا دەکات زەوی بۆ تەرخان دەکرێت، نەوەک لە شوێنی لەدایکبوون یان نیشتەجێبوونی".
رۆژی 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەندنەبوون بەپێی یاسا و رێنوێنییەکان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە راسپارد و ئەمڕۆش وەزارەتی ئەنجوومەنی وەزارەتی شارەوانی بۆ دانانی رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە کۆبووەوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان باسی لەوەکردووە کە لە ئەمڕۆ ئەمڕۆ سێشەممە كۆبوونەوەیەكی فراوانی تایبەت بە دابەشكردنی زەوی بەڕێوەچووە و ئامادەكارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێكرد.
خەسرۆ ئیسماعیل کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربووە لە رووداوی ئەمڕۆدا باسی نێوەڕۆکەکەی کرد و گوتی، "هەندێک لە شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان زەوی ئامادەیان لە سنوورەکانی خۆیان هەیە. ئەو شارەوانییانە هیچ گرفتێکیان نییە و دەتوانن لە سبەینێوە دەستبکەن بە رووپێوی و ئامادەکردنی زەوییەکان بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکەیاندا، بەڵام هەندێک شارەوانی زەوییان نییە. لەو شارەوانییانەش بە دوو رێگە زەوی بۆ فەرمانبەران دابیندەکرێت؛ یان بە هاوئاهەنگی وەزارەتی کشتوکاڵ زەوی کشتوکاڵی دەکوژێندرێتەوە و ئیفراز دەکرێت و سنووری شارەوانییەکە فراوانتر دەکرێت یان لە سنووری نزیکترین شارەوانی زەوی بۆ تەرخان دەکرێت".
"کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوی ئیدارەی هەرێمی کوردستان"
یەکێک لەو کێشانەی رووبەڕووی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، کێشەی ئەو فەرمانبەرانەیە کە لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، بەتایبەت لە گەرمیان.
نەوزاد رەشید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان کە بەشداربووی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزارەتی شارەوانی بوو، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "لە 14 شارەوانیی سنووری ئیدارەی گەرمیان تەنیا 4 شارەوانیی زەوییان بۆ دابەشکردن هەیە و 10 شارەوانی زەوییان نییە".
نەوزاد رەشید گوتیشی، "جگە لە نەبوونی زەوی لە سنووری شارەوانییەکان، یەکێکی دیکە لە کێشەکان ئەوەیە، بەشێک لە فەرمانبەران بەپێی رێنماییەکانی دابەشکردنی زەوی کەوتوونەتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا شارەوانی ئەو ناوچانە سەر بە حکومەتی عێراقە و ئێمە ناتوانین زەوی تێدا دابەشبکەین؛ هەربۆیە داوامان لە وەزارەتی شارەوانی کردووە چارەسەر بۆ ئەو گرفتە بدۆزێتەوە".
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان گوتیشی، "لە پرۆسەی بەرفراوانکردنی سنووری شارەوانییەکان و کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی بۆیان، ئەو کەسانەی زیانمەند دەبن لەو پرۆسەیە لەلایەن حکومەتەوە قەرەبوو دەکرێنەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، "دابەشکردنی زەوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە نەوەک تەنیا فەرمانبەران، بەڵکو پێشمەرگە و ئاسایش و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکانیش لێی سوودمەند دەبن".
"هەوڵێک هەیە تاوەکو خانەنشینانیش لە وەرگرتنی زەوی سوودمەندبن"، خەسرۆ ئیسماعیل وای گوت و ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی بڕیارەکە هەر فەرمانبەرێک مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی تێدابێت و پێشتر سوودمەند نەبووبێت، ئەوا لە دابەشکردنی زەوی سوودمەند دەبێت، تەنانەت ئەگەر سەڵت بێت و هاوژینی نەکردبێت".
هاوکات ئاوارە عەلی، سەرۆکی شارەوانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕين بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە نزیکترین کاتی گونجاودا دەست بە دابەشکردنی زەوی دەکرێت، بەپێی رێنماییە دەستنیشانکراوەکان.