درۆنێک لەنێو کافتریایەکی هەولێر کەوتەخوارەوە و زیانی گیانی نەبوو

رووداو دیجیتاڵ

لە بەردەوامیی شەوی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا، جارێکی دیکە ئاسمانی هەولێر بووەوە ئامانجی درۆنی "گرووپە لەیاسا دەرچووەکانی عێراق". کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو، درۆنێک لە چاوتروکانێکدا بنمیچی کافتریایەکی لە شەقامی ئیسکان بڕی و لەنێو کافتریاکەدا کەوتە خوارەوە؛ ئەو شوێنەی کە جێگەی کات بەسەربردنی گەنجانی شارەکەیە.
 
سەرەڕای زیانە مادییەکان، بەهۆی نەتەقینەوەی درۆنەکە، هەموو ئەو کەسانەی لەو کاتەدا لەنێو کافتریاکەدا بوون بە سەلامەتی دەرچوون. کافتریاکە موڵکی "فاخیر هەریری"یە؛ کاسبکار و خێرخوازێکی ناسراوی هەولێر کە هیچ پەیوەندییەکی بە کاروباری سیاسی و سەربازییەوە نییە.
 
"کوردیش دەتوانێت وێرانییان بکات، بەڵام ویژدانی هەیە"
 
فاخیر هەریری، خاوەنی کافتریاکە، بە نیگەرانییەوە باسی لەو هێرشە کرد و گوتی: "ئایا ئێرە سەربازگە و بارەگای سەربازییە؟ ئێرە شوێنی خەڵکی هەژار و کاسبکارە، 50 کوڕی هەژار لێرە کار دەکەن. درۆنێکیان هاویشت و لێرەیاندا، سوپاس بۆ خودا نەتەقییەوە؛ ئەگەر بتەقیبایە 50 منداڵی هەژار لێرە شەهید دەبوون."
 
هەریری داوای لە حکومەتی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، "چاوێک بەو گرووپانەدا بخشێننەوە و ئیتر بەس بێت." هەروەها گوتیشی: "کوردیش دەتوانێت درۆن بهاوێژێت و وێرانییان بکات، بەڵام کورد ویژدانی هەیە."
 
کافتریاکەی فاخیر هەریری دەکەوێتە شەقامی ئیسکان، لە نهۆمی خوارەوەی کافتریاکە، چێشتخانەی "باڵە خۆشەکەی فاخیر هەریری" هەیە. لە کاتی رووداوەکەدا ناوچەکە وەک هەمیشە جمەی هاتووە لە خەڵک.
 
رێباز محەممەد، خاوەنی چێشتخانەیەک لە بەرامبەر شوێنی رووداوەکە، دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی دراوسێمانن، دەنگێکی گەورەمان بیست، بەڵام سوپاس بۆ خودا هەموومان سەلامەتین. ئەمە یەکەمجار نییە و دوایین جاریش نابێت، بەڵام ژیان بەردەوامە و خەڵک هەر دێن و نان دەخۆن."
هەروەها محەممەد سەڵاحەدین، کاسبکارێکی دیکەی شەقامی ئیسکان، ئاماژەی بەوە کرد: "ئێرە جێگەی کاسبیی خەڵکی هەژار و نەدارە، بەڕاستی شەرمەزاری و عەیبەیە کە ئێرە بە مووچەک دەکرێتە ئامانج."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تەنیا لە شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، نزیکەی 30 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەولێر کراون.