سەرۆکی فراکسیۆنی ئێزدییەکان بۆ مستەفا سەنەد: کەرامەتی ئێزدییەکان هێڵی سوورە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی ئێزدی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکۆنەی لێدوانێکی مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری عێراق دەکات و رایدەگەیێنێت، لێدوانەکەی "سووکایەتییەکی قبووڵنەکراوە" بە کەرامەتی پێکهاتەی ئێزدی و پێشێلکردنی دەستوورە.
 
خالید سیدۆ عەزیز، سەرۆکی فراکسیۆنی ئێزدی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری عێراقی دایەوە.
 
سەنەد لە وەڵامی کۆمێنتێکی کەسێکی خەڵکی شنگال لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیبووی: "تۆ خەڵکی شنگالی، رەنگە کەنیزەک بووبیت."
 
ئەم لێدوانەی مستەفا سەنەد کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لەناو ئێزدییەکاندا دروست کردووە و بە "گالتەکردن" بەو کارەسات و کۆمەڵکوژییانە دادەنرێت کە داعش دەرهەق بەو پێکهاتەیە ئەنجامیداون، بۆیە داوای لێپرسینەوەی یاسایی لێدەکەن.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی ئێزدییەکان لە راگەیێندراوەکەیدا گوتی: "ئەم قسانە بە هەموو شێوەیەک رەتکراوەن" و داوای کرد رێوشوێنی بەپەلە و یەکلاکەرەوە بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارە بگیرێتە بەر و پێویستە داوای لێبووردنی فەرمی و راشکاو بکات.
 
خالید سیدۆ عەزیز جەختی کردەوە، فراکسیۆنی ئێزدی مافی یاسایی خۆی دەپارێزێت بۆ سکاڵاکردن لە دادگە دژی هەر کەسێک کە سووکایەتی بە ئێزدییەکان بکات و گوتی: "کەرامەتی ئێزدییەکان هێڵی سوورە و رێگە نادەین بە هیچ شێوەیەک دەستی بۆ ببرێت."