زیاتر لە نیوەی بەرهەمی عەلوەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی عەلوەکانی هەولێر و سلێمانی دەڵێن، بەهۆی پێنەگەیشتنی سەوزە و میوەی نێوخۆوە، زۆرینەی بەرهەمی عەلوەکان هاوردەیە، کە زیاتر لە نیوەیان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا 70%ـی بەرهەمەکانی عەلوەی سلێمانی بەرهەمی هاوردەکراوی ئێرانە".
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتیشی: "بەهۆی زۆریی بەرهەمی ئێرانییەوە نرخ جێگیرە و بەرزنەبووەتەوە".
تەماتە، شووتی، کاڵەک، خەیار، بیبەر، باینجان، سێو و کیوی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن.
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان وەکو پێویست پێنەگەییوە، بۆیە زیاتر لە 50٪ی بەرهەمەکان لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن".