پارێزەرەکەی: لاهوور شێخ جەنگی لە شوێنی خۆیەتی


رووداو دیجیتاڵ

دەنگۆی گۆڕینی شوێنی زیندانیی لاهوور شێخ جەنگی لە زیندان لە شاری سلێمانی بڵاوبووەتەوە، بەڵام پارێزەرێکی رەتیدەکاتەوە.
 
قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، رۆژی پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاک لاهوور و کاک پۆڵادی برای هەر لە زیندانی ئاسایشی گشتیی سلێمانی دان و نەبراون بۆ شوێنی دیکە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو شوێنەی لاهوور شێخ جەنگی تێدا بەند کراوە، یەکێکە لە "پارێزراوترین و تۆکمەترین ژوورەکانی ئاسایش".
 
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازی نەبوو خۆی رادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
 
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.
 
تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی لالەزار لە کاتی جیاوازدا ئازاد کراون. لەوانە 7 کەس لە  3ـی مانگی شوباتـی ئەم ساڵ ئازاد کران، پێش ئەوان لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە ئازاد کرابوون.