لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان 628 سزادراو بەبێ ئۆنلاین وانە دەخوێنن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە نێو نزیکەی شەش هەزار سزادراودا، 628ـیان قوتابین و بە پێچەوانەی قوتابیانی دەرەوە، ئەوان بە شێوەی ئاسایی و بەبێ سیستەمی ئۆنلاین وانەکانیان دەخوێنن.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە نێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا 628 قوتابیمان هەیە؛ ئەو قوتابییانە بە هەمان سیستەم و پڕۆگرامەکانی خوێندنی ئاسایی رۆژانە وانەکانیان دەخوێنن و پشووەکانیشیان وەک قوتابیانی دەرەوەیە."
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، جیاوازیی خوێندنی سزادراوەکان لەگەڵ قوتابیانی دیکە لەوەدایە کە "ئەوان ئێستا وانەکانیان بە ئاسایی دەخوێنن نەک بە ئۆنلاین."
لەبارەی ئاستی خوێندنی سزادراوەکان، ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی: "لەو 628 قوتابییە، نزیکەی 200ـیان قوتابی زانکۆ و پەیمانگاکانن. زۆرترین رێژەی قوتابیانیش لە سنووری پارێزگای هەولێرە."
هەر لەبارەی خوێندنی ژنانی سزادراو، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی: "پێشتر لە چاکسازییەکانی دهۆک ژنە سزادراوەکان نەیاندەخوێند، بەڵام بە رێنمایی و هاوکاریی ئێمە ئێستا 28 ژن لە چاکسازییەکانی دهۆکدا دەخوێنن کە ئەوەش زۆرترین رێژەی قوتابیانی ژنە."
لە ساڵی 2010ـەوە لە شەش بنکەی چاکسازیی هەرێمی کوردستان قوتابخانە کراوەتەوە. خوێندن لەو ناوەندانە بە شێوازی "خوێندنی خێرا"یە، بە جۆرێک قوتابیان دەتوانن خوێندنی دوو ساڵ لە یەک ساڵدا بخوێنن.